ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی رێگە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی دەرکرد، کە تێیدا ڕێگە بە فرۆشتن، گەیاندن و بەتاڵکردنی ئەو نەوت و بەرهەمە نەوتییە ئێرانییانە دەدات کە لەسەر کەشتییەکان بارکراون، ئەم مۆڵەتە تەنانەت رێگە بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە بۆ ناو ئەمریکاش دەدات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بڕیارێکی نوێمان دەکردووە، کە تیایدا رێگە بە فرۆشتن، گەیاندن و بەتاڵکردنی ئەو نەوت و بەرهەمە نەوتییە ئێرانییانە دەدەین کە لەسەر کەشتییەکان بارکراون.
بە پێی راگەیەنراوەکە، بڕیارەکە ئەو بارە نەوتییانە دەگرێتەوە کە تاوەکوو 20ـی ئادار لەسەر کەشتییەکان بارکراون، هەروەها رێگە دەدرێت پرۆسەی فرۆشتنەکە تا رێککەوتی 19ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ بێت.
خاڵێکی بەرچاوی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە رێگە دەدات بە هاوردەکردنی ئەو نەوت و بەرهەمە نەوتییە ئێرانییانە بۆ ناو خاکی ئەمریکا، بەو مەرجەی هاوردەکردنەکە بەشێکی پێویست بێت لە پرۆسەی فرۆشتن یان بەتاڵکردنی ئەو بارانەی مۆڵەتەکەیان بۆ دەرچووە.
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە ئەو لایەن و کەسانە ناگرێتەوە کە پەیوەندییان بە کۆریای باکوور، کووبا، یان ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیاوە هەیە (وەک کرایمیا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا).
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، ئەمەش بە هۆکاری بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو لە لایەن ئێرانەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت 13ـی ئاداری 2026، بڕیاری دابوو، رێگە بە فرۆشتن و گەیاندنی ئەو نەوتە خاوە و بەرهەمە نەوتییانەی رووسیا بدات کە پێش 12ـی ئاداری 2026 بارکراون. ئەم بڕیارە وەک وادەیەکی کاتی تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی نیسان کاری پێدەکرێت.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.