گرووپی "ئەسحابولکەهف" بەرپرسیارێتی هێرشی درۆنی بۆ سەر نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا راگەیاند
گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە یەکێکە لە گروپە چەکدارەکانی ناو گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری2026، رایگەیاند؛ لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ڤیکتۆریا لە نزیك فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی هێرشەکە بنکەی ڤیکتۆریا هێزە ئەمریکییەکان بووە و جەختیان کردووەتەوە، "ئۆپەراسیۆنەکانیان بە شێوەیەکی چڕتر بەردەوام دەبێت". هەروەها گرووپەکە هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیانی مەدەنی لە بنکە و شوێنەکانی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان دوور بکەونەوە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان پێشتر روونیان کردووەتەوە، لە رووی فەرمییەوە چیتر بنکەیەک بە ناوی "ڤیکتۆریا" لە بەغدا بوونی نییە، چونکە ئەو کۆمەڵگەیە لە ساڵی 2011 رادەستی دەسەڵاتە عێراقییەکان کراوە. ئەوەی ئێستا هەیە بریتییە لە "سەنتەری بەغدا بۆ پاڵپشتی دیپلۆماسی" (BDSC) کە ناوەندێکی لۆجیستییە بۆ پشتیوانیکردنی نێردە دیپلۆماسییەکان و بنکەیەکی سەربازیی شەڕکەر نییە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی رایگەیاندووە، هێرشەکە ناوچەی دەوروبەری سەنتەری پاڵپشتی لۆجیستی پێکاوە، بەڵام هاوشێوەی هێرشەکەی شەوی هەینی، ئەمجارەیش سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "سیرام" (C-RAM) کارا نەکراوە و هیچ دژەکردارێکی نەبووە. سوپای ئەمریکاش تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری کارانەکردنی سیستمەکە یان دەنگۆی چۆڵکردنی بەشێک لە کارمەندەکانی ئەو ناوەندە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە گشتیی و عێراق بە تایبەتی، لە دوای 28ی شوباتەوە سەرهەڵدانی گرژییە ئاسمانییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران شاهیدی زیادبوونی هێرشەکانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر. ئەمەش وای کردووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا زنجیرەیەک هۆشداریی ئەمنیی لەبارەی هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەخانە، هۆتێلەکان و دامەزراوە هەستیارەکان بڵاو بکاتەوە.