لە ژاپۆن بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی کلێنس سەرهەڵدەدات

حکوومەتی ژاپۆن داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لە کڕین و کۆکردنەوەی وەرەقەی تەوالێت (کلێنسی تەوالێت) زیادەڕۆیی نەکەن و تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تەنگژانەی لە کاتی قەیرانی نەوتی ساڵی 1973 و سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا روویاندا.

وەزارەتی ئابووریی، بازرگانی و پیشەسازی ژاپۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی وەرەقەی تەوالێت لە ژاپۆن، نزیکەی تەواوی پێداویستی ناوخۆ لە ناوخۆی وڵاتدا بەرهەم دەهێنرێت. کەرەستە خاوەکانیش بریتین لە پاشماوەی کاغەز و ئەو هەویرە کاغەزەی کە لە ناوخۆدا کۆدەکرێتەوە."

وەزارەتەکە جەختی کردەوە، پیشەسازی وەرەقەی تەوالێت لە ژاپۆن "پشتبەستنێکی ئەوتۆی بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بۆیە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەژێر کاریگەری گرژییەکانی ئەو ناوچەیەدا نییە."

هەروەها دەسەڵاتدارانی ژاپۆن دڵنیاییان دا، کارگەکان توانای تەواویان هەیە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کاتی پێویستدا. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "تکایە بڕیاری ژیرانە بدەن و تەنیا پشت بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان ببەستن."

ئەم هۆشدارییەی حکوومەت دوای ئەوە هات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێک لە بەکارهێنەران نیشانەی دڵەڕاوکێیان سەبارەت بە گرانبوونی نرخ یان نەمانی کلێنسی تەوالێت دەربڕی. مێژووی ژاپۆن پڕە لەم جۆرە دیمەنانە؛ لە ساڵی 1973دا بەهۆی دەنگۆیەکەوە خەڵک هێرشیان برد بۆ کڕینی وەرەقەی تەوالێت و کۆیان کردەوە، دواتر بە قەیرانی وەرەقەی تەوالێت ناسرا، هەمان دیمەن لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆناشدا دووبارە بووەوە.

ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە لەکاتێکدایە جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە 22یەمین رۆژییەوە. ئاڵۆزییەکان بەردەوامن و ئاڵوگۆڕی هێرشی موشەکی و درۆن چەندین وڵاتی کەنداوی گرتووەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بەرووی ئەو کەشتیانەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی پاڵپشتیانن.