بەهۆی هێرشی مووشەکی ئێران چەند کەسێک لە تەلئەڤیڤ برینداربوون
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئەمرۆ شەممە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی فراوان بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ و دەوروبەری، ژمارەیەک ئیسرائیلی بریندار بوون و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچە لێدرا.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاند: "کۆمەڵێک مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستە کراون و لە چەند شوێنێکی جیاوازی ناوخۆی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تۆمارکردنی بریندار و زیانی ماددی زۆر. زیانەکان بە تایبەت لە باڵەخانەکانی ناوچەی ناوەڕاستی ئیسرائیل و شاری (ڕیشۆن لێتسیۆن) لە باشووری تەلئەڤیڤ بینراون."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانەوە، دووکەڵێکی زۆر لە ئاسمانی چەند ناوچەیەک بەرزبووەتەوە. هاوکات میدیاکانی دیکە ئاشکرایان کردووە، یەکێک لە مووشەکەکان "کڵاوەی هێشوویی" (Cluster) هەڵگرتووە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پارچەی زۆر و پێکانی راستەوخۆی چەندین باڵەخانە.
ئێران بۆ سێیەم هەفتەیە لەسەریەک رووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێتەوە. ململانێی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ ئێستا گۆڕاوە بۆ جەنگێکی کراوەی ناوچەیی کە پەلکێشی بۆ ناو خاکی عێراق، لوبنان، سووریا و ناوچەی کەنداو کردووە، ئەمەش نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی زۆری لەسەر ئاسایشی وزە، گەرووە ئاوییەکان و سەقامگیریی گشتی ناوچەکە دروست کردووە.