یسرائیل کاتز: ئەم هەفتەیە قۆناخێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێدەکات

(وێنە؛ ئەرشیف یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل)
(وێنە؛ ئەرشیف یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل)

لە پەرەسەندنێکی مەترسیداری گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، لەم هەفتەیەوە قۆناخێکی نوێ و توندتر لە هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێدەکات.

وەزیری بەرگریی یسرائیل ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، ئاستی هێرشەکانیان بۆ سەر رژێمی ئێران و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە بەرز دەکەنەوە. کاتز گوتی: "ئێمە ئامادەین لەسەر بەردەوامبوون لە سەرکردایەتیکردنی هێرشەکان بۆ سەر رژێمی ئێران بە مەبەستی رووخاندنی سەرکردەکانی و پەکخستنی تواناکانی، تا ئەو کاتەی هەموو هەڕەشەکان لەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لادەبرێن."

یسرائیل کاتز ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سوپای پاسداران بە تەواوی کۆنترۆڵی ئێرانی کردووە و راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵدانی مووشەک بۆ سەر ناوخۆی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە دەکات. راشیگەیاند؛ستراتیژی نوێی ئەوان بریتی دەبێت لە لاوازکردنی پێگەی ئێران لە رێگەی بەکارهێنانی "بازنەکانی دەوروبەری و لێدانی توند لە ناو جەرگەی ئەو وڵاتە."

ئەم لێدوانە توندانەی کاتز هاوکاتە لەگەڵ راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل کە تێیدا هاتووە؛ یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکدا لە ئاسمانی ئێران، لە رێگەی مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانەوە کراوەتە ئامانج. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا لێکدەدرێتەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، گۆڕینی ستراتیژی ئیسرائیل بۆ لێدانی "ژێرخانی نیشتمانی و ستراتیژی و ئاماژەدان بە رووخاندنی سەرکردەکان"، ئاستی ململانێکان دەباتە قۆناخێکی بێ گەڕانەوە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا ناوچەکە لە ترسی تەقینەوەی جەنگێکی سەرانسەری و فراوانبوونی پێکدادانە ئاسمانییەکاندایە.