سێنتکۆم: هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانکردنی بنکەیەکی سەربازیی ژێرزەمینییەوە، توانای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەرووی هورمز و دەریاوانیی نێودەوڵەتی رووی لە پاشەکشە کردووە.

شەممە، 21ـی ئاداری 2026، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: کە هێزەکانیان تەنیا بنکەیەکی سەربازیی ژێرزەمینییان تێک نەشکاندووە، بەڵکو پێگەکانی پاڵپشتیی هەواڵگری و ئامێرە رادارییەکانی ئاراستەکردنی مووشەکیان لەناو بردووە کە بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەکار دەهێنران.

بەپێی گوتەکانی کۆپەر، ئەم هێرشە لە رێگەی بۆمبێکی تایبەتەوە کە کێشەکەی زیاتر لە دوو تۆنە ئەنجامدراوە. ئەو بنکەیە بۆ کۆگاکردنی موشەکی کرووزی دژە کەشتی و سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی گەڕۆک بەکارهاتووە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگدا، 8 هەزار ئامانجیان لە ئێران پێکاوە، لەوانەش 130 کەشتیی جەنگی، کە ئەمەش بە گەورەترین هێرش بۆ سەر هێزێکی دەریایی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئەژمار دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.