ئێران: وێستگەکانی ئاوی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکەینە ئامانج

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند؛ ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی وڵاتەکەی، ئەوا سەرجەم دامەزراوەکانی وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری و وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

گوتەبێژی فەرمی بارەگای خاتەمولئەنبیا سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دوای هۆشدارییەکانی پێشووتر، هەر پێشێلکارییەک یان کردنە ئامانجی ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێران، بە وەڵامێکی گشتگیر دەدرێتەوە. وەڵامەکەش بریتی دەبێت لە وەشاندنی گورز لە تەواوی ژێرخانی وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری و دامەزراوەکانی شیرینکردنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا."

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی بەرفراوانی لە دامەزراوەکانی وزەی ئێران کردبوو، ئەگەر بێت و تاران لە ماوەی 48 کاتژمێردا گەرووی هورمز بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆدا نەکاتەوە.

ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی ئەمریکا لە گەورەترین وێستگەی وزەی ئێرانەوە دەستپێدەکەن و دواتر بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە پەرەدەسێنن.