بەریتانیا بنکە سەربازییەکانی بۆ لێدانی ئێران بە رووی ئەمریکادا کردەوە
رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ژێردەریاییەکی بەریتانی کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات و تەیارکراوە بە مووشەکی کرووزی جۆری "تۆماهۆک"، لە دەریای عەرەب جێگیرکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، حکوومەتی بەریتانیا بە فەرمی رێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت بۆ وەشاندنی گورز لەو بنکە مووشەکییانەی ئێران کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دەکەنە ئامانج.
لەو چوارچێوەیەشدا، وەزیرانی حکوومەتی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بۆ تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران و پرسی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوێکی حکوومەتدا هاتووە رێککەوتنی "بەرگریی بەکۆمەڵ" رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات بنکە بریتانییەکان بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران بەکاربهێنن.
ئەم بڕیارە نوێیەی لەندەن لە کاتێکدایە کێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو؛ وڵاتەکەی پەلکێشی جەنگ لەگەڵ ئێران ناکات و سەرەتا داواکارییەکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی بنکەکان رەتکردبووەوە، بە پاساوی دڵنیابوون لە شەرعییەتی هەر کارێکی سەربازی.
بەڵام پاش هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هاوپەیمانانی بەریتانیا لە ناوچەکە، ستارمەر هەڵوێستی گۆڕی و رێگەی دا ئەمریکا بنکەی ئاسمانی "فێرفۆرد و بنکەی هاوبەشی دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەکاربهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە رەخنەی توندی لە خاوی و سستیی هەڵوێستەکانی ستارمەر گرت. ترەمپ رۆژی شەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "دەبوو بەریتانیا بە خێراییەکی زیاتر بجوڵایە بۆ پاڵپشتیکردنی واشنتن لە کارە سەربازییەکانیدا دژی ئێران."