گوتەبێژی سوودانی: لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەین

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان بەردەوامن. هۆشداریشی دا کە ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی لەکەدارکردنی ناوبانگی وڵات و گۆشەگیرکردنی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

سەباح نوعمان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەم هێرشانەی خستووەتە خانەی "کردەوە تیرۆریستییەکان" بەگوێرەی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2005. گوتیشی: "ئەم کارانە ئیدانەکراون، چونکە پێگەی دیپلۆماسی عێراق لاواز دەکەن و دەبنە هۆی شەرمەزارکردنی حکوومەت بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی جەختی کردەوە، حکوومەت بەردەوام کاری کردووە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی نێودەوڵەتی عێراق و وڵات بووەتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە ساڵانی رابردوودا پۆستی گرنگی وەک سەرۆکایەتی لووتکەی عەرەبی و چەندین دەستەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ئەمەش نیشانەی متمانەی جیهانە بە رۆڵی کاریگەری عێراق.

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، نوعمان ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "هەر تێکچوونێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا، لێکەوتە و کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر هەمووان دەبێت." هەروەها باسی لەوەش کرد، ئێستا جۆرێک لە پشێوی سیاسی، ئەمنیی و ئابووریی لە ناوچەکەدا دەبینرێت کە تەنیا ئێران ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و تەواوی جیهانیش.

سەباح نوعمان راشیگەیاند، لەبەر بەرژەوەندییەکانی لێکۆڵینەوە، ئێستا گونجاو نییە وردەکاریی زیاتر لەبارەی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان ئاشکرا بکرێت.