ئاژانسی فرانس پرێس ئاماری قوربانیانی 23 رۆژ جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بڵاو کردەوە
لەگەڵ تێپەڕبوونی 23 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئامارەکانی نیشانی دەدەن کە وێرانکارییەکان تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و زیانە گیانییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، تەنیا لە ناوخۆی ئێران و لوبنان زیاتر لە چوار هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و جەنگەکە قوربانیی لە ریزەکانی هێزەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی کەنداویش لێکەوتووەتەوە.
بەپێی دواین ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پرێس" کە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی حکوومەت و رێکخراوە مرۆییەکان ئامادە کراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرترین زیانی گیانیی بەرکەوتووە. رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA) ڕایگەیاندووە کە تا 21ـی ئازار، لانی کەم 3,230 کەس لە ئێران کوژراون، کە 1,406یان هاووڵاتیی مەدەنین و لە نێویاندا 210 منداڵ هەن، ئەوانی دیکەش لە ریزەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بوون.
هاوکات لە لوبنان، وەزارەتی تەندروستی گیانلەدەستدانی 1,029 کەسی راگەیاندووە کە زۆربەیان پیاون، بەڵام 118 منداڵ و 40 کارمەندی کەرتی تەندروستیشیان تێدایە.
لەسەر ئاستی ناوچەکە، عێراق و وڵاتانی کەنداو بوونەتە مەیدانێکی دیکەی قوربانییەکان. لە عێراق 68 کەس کوژراون، لەوانە سەربازێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان و 6 کارمەندی فڕۆکەیەکی سووتەمەنیهەڵگری ئەمریکی کە فڕۆکەکەیان لە رۆژئاوای عێراق کەوتووەتە خوارەوە.
هەروەها 49 چەکداری سەر بە گرووپە ئێرانییەکان لە بۆردوومانەکاندا کوژراون. لە وڵاتانی کەنداو وەک کوێت، ئیمارات، سعوودیە، بەحرەین، عومان و قەتەر، لانی کەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 17یان مەدەنین و 7یان سەربازی ئەمریکین، زۆربەی ئەم قوربانییانەش لە ئەنجامی کەوتنی مووشەک، درۆن یان تێکشکانی هەلیکۆپتەر بووە.
لە ناوخۆی ئیسرائیل، دەزگا فریاگوزارییەکان کوژرانی 16 مەدەنییان تۆمار کردووە، کە 15یان بەهۆی مووشەکەکانی ئێران و یەکێکیان بەهۆی مووشەکی حزبوڵڵاوە بووە، هەروەها دوو سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕەکانی باشووری لوبنان کوژراون.
لە کەناری رۆژئاوای فەلەستینیش چوار ژن بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە. لە ئوردن و سووریاش، سەرەڕای ئەوەی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، بەڵام دەیان کەس بەهۆی کەوتنی پاشماوەی مووشەک و درۆنەکانەوە بریندار بوون.
سەبارەت بە زیانەکانی ئەمریکا، فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردووەتەوە کە 13 سەربازیان لە عێراق و کەنداو کوژراون و نزیکەی 200 سەربازی دیکەشیان لە حەوت وڵاتی جیاوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریندار بوون.
ئاماری ورد و جیاکراوەی قوربانیانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
ئێران
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی (HRANA)، لانی کەم 3,230 کەس کوژراون، کە بەم شێوەیەیە:
1,406 هاووڵاتیی مەدەنی (لە نێویاندا 210 منداڵ هەن).
1,167 کارمەندی سەربازی و ئەمنی.
657 کەس کە ناسنامە و پلەکەیان دیار نییە.
لوبنان
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاندووە کە 1,029 کەس کوژراون، کە بەم شێوەیەیە:
832 پیاو، 79 ژن، 118 منداڵ.
لە ناو کوژراوەکاندا 40 کارمەندی کەرتی تەندروستی هەن.
ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 2,786 کەس.
ئیسرائیل
بەرپرسانی ئیسرائیل کوژرانی 18 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە:
16 هاووڵاتیی مەدەنی (15یان بە مووشەکی ئێران و 1یان بە مووشەکی حزبوڵڵا).
2 سەرباز لە شەڕی زەمینیی باشووری لوبناندا.
نزیکەی 450 کەسیش بریندار بوون.
عێراق و هەرێمی کوردستان
لانی کەم 68 کەس کوژراون، کە بەم شێوەیەیە:
49 چەکداری گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
6 کارمەندی ئەمریکی (بەهۆی کەوتنی فڕۆکەی سووتەمەنی).
1 سەربازی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان (بە درۆنی ئێرانی).
5 چەکداری حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.
1 پاسەوانی فڕۆکەخانەی هەولێر.
1 ئەفسەری هەواڵگریی عێراق و 1 هاووڵاتیی مەدەنی و 4 کەسی دیکە لە بەغدا.
وڵاتانی کەنداو
بە گشتی 35 کەس کوژراون (17 مەدەنی و 18 سەربازی)، بەم جۆرە دابەش بوون:
قەتەر: 7 کوژراو (4 سەربازی قەتەری و 3 تورکی).
ئیمارات: 8 کوژراو (6 مەدەنی و 2 سەربازی).
کوێت: 6 کوژراو (2 سەرباز، 2 پاسەوانی سنوور، 2 مەدەنی).
سعوودیە: 2 هاووڵاتیی مەدەنی.
بەحرەین: 2 هاووڵاتیی مەدەنی.
عومان: 3 کوژراو (1 دەریاوان و 2 مەدەنی).
سەربازانی ئەمریکا لە کەنداو: 7 سەرباز لە کوێت و سعوودیە کوژراون.
کەناری رۆژئاوای فەلەستین
4 ژنی فەلەستینی بەهۆی مووشەکە ئێرانییەکانەوە کوژراون.
ئوردن و سووریا
هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، بەڵام 29 کەس لە ئوردن و 8 کەس لە سووریا بەهۆی پاشماوەی مووشەک و درۆنەکانەوە بریندار بوون.
زیانەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە
کۆی گشتی کوژراوەکان: 13 سەرباز (6 لە عێراق و 7 لە وڵاتانی کەنداو).
کۆی گشتی بریندارەکان: نزیکەی 200 سەرباز لە حەوت وڵاتی جیاوازی ناوچەکە، کە 10یان برینیان سەختە.