گڕۆسی: جەنگ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەنێو نابات
گڕۆسی: ناردنی هێز بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو کارێکی ئەستەمە
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هۆشداری دا کە هێرشی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمی ئێران لەنێوببات و ئاماژەی بەوەش کرد، تاران ئێستا خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی 60%، کە زۆر نزیکە لەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە.
یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، رافایل گڕۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Face the Nation"ی کەناڵی CBS رایگەیاند، هەرچەندە هێرشە سەربازییەکانی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لە نەتەنز، ئەسفەهان و پارچین گەیاندووە و بەرنامەکەیان بەرەو دواوە بردووە، بەڵام مەحاڵە لە رێگەی بۆردوومانەوە زانیاری و زانست لە مێشکی ئێرانییەکاندا بسڕدرێتەوە.
جەختی کردەوە، تاران ئێستا خاوەنی پێشکەوتووترین و خێراترین ئامێرەکانی سەنتەرفیوجە لە جیهاندا و دەزانن چۆن بەکاری بهێنن، بۆیە تەنیا تێکشکاندنی فیزیکیی بیناکان نابێتە هۆی کۆتاییهێنان بە خەونە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی هێزی تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ لە مەترسییە. گڕۆسی ڕوونی کردەوە کە ئەو ماددانە لە ناو سلندەری گەورەی گازیدان کە زۆر قورسن و گواستنەوەیان ئەستەمە، جگە لەوەی مەترسیی تیشکدانەوەیەکی زۆریان لێدەکرێت.
گوتیشی: "تەنانەت ئەگەر هێزەکان بگەنە ناو بنکە ژێرزەمینییەکانیش، رەنگە ڕووبەڕووی چەندین بنکەی ساختە ببنەوە کە تەنیا بۆ چەواشەکاری دروستکراون، ئەوەش کارەکە بۆ هێزە سەربازییەکان زۆر قورس دەکات."
رافایل گڕۆسی جەختی کردەوە کە جەنگ ناتوانێت چارەسەری ریشەیی ئەم کێشەیە بکات، بەڵکوو تەنیا رێگە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی نوێ و چوارچێوەیەکی دیپلۆماسیی متمانەپێکراو.
داواشی کرد کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکان، پشکنەرانی نێودەوڵەتی رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ ناو ئێران تاوەکوو بتوانن چاودێریی وردی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە و دامەزراوەکان بکەن، چونکە بەبێ چاودێریی ئاژانسەکە، جیهان هیچ بیرۆکەیەکی روونی نابێت لەسەر ئەوەی تاران لە ژێر داروپەردووی جەنگدا خەریکی چییە.