سەرۆکی حکوومەت و نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان قەیرانی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیایان تاوتوێ کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز مایکڵ واڵتز نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی و مایک وڵتز گفتوگۆیان لەبارەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا کرد ، وەک هەنگاوێک بۆ یارمەتیدان و کەمکردنەوەی بارگرانی دۆخی دارایی.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە.