ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: ئابووریی جیهان بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەبەردەم هەڕەشەدایە
فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت؛ ئابووریی جیهان بەهۆی تەنگژەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.
بیرۆل لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی نیشتمانی لە ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد، لە قەیرانەکانی ساڵانی حەفتاکاندا جیهان رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستدا، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە؛ بە جۆرێک تا ئێستا لانی کەم 40 پێگەی گرنگی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوچاری زیانی کوشندە بوونەتەوە.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە جەختی کردەوە، کلیلی چارەسەری کێشەکان و گەرەنتی کردنی سەقامگیری بازاڕ، کردنەوەی گەرووی هورمزە. هۆشداریشی دا کەمیی سووتەمەنی لە کیشوەری ئاسیا خەریکە قووڵتر دەبێتەوە و ئەمەش هەڕەشە لە دابینکردنی وزە دەکات.
سەبارەت بە هەوڵە حکوومییەکان، بیرۆل ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی ئوسترالیا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ زیادکردنی ئاستی کۆگاکردنی سووتەمەنی. راشیگەیاند؛ هەرچەندە نرخی ئێستای نەوت هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێک کە پێویست بە بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژی جیهانی بکات، بەڵام ئاژانسەکە لە راوێژدایە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ئەگەر پێویست بکات، بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەو یەدەگانە دەبەن.
ئەم لێدوانانەی بیرۆل لە کاتێکدایە گەرووی هورمز، وەک شا دەماری گواستنەوەی نەوت و غازی جیهان، گرژییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە. ئەم ناسەقامگیرییەش دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە.