جۆن بۆڵتن: دوودڵی ئەوروپا لە شەڕی دژ بە ئێران هەڵەیەکی ستراتیژییە
جۆن بۆڵتن: دوودڵی ئەوروپا چارەنووسی ئۆکرانیا دەخاتە مەترسییەوە
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و رادیکاڵ لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا دەکات بەرامبەر بەو ململانێیە سەربازییەی لەگەڵ ئێراندا هەیە. بۆڵتن هۆشداری دەدات، دوودڵی ئەوروپا لە بەشداریکردنی سەربازی، "هەڵەیەکی ستراتیژی کوشندەیە"، بەتایبەت کە ئێستا شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئۆکرانیا بە تەواوی بە یەکەوە بەستراونەتەوە.
بۆڵتن لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "تەلەگراف" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوروپا لە بازنەی ئامانجەکانی ئێران بەدەر نییە. وەک نموونەش، ئاماژەی بە هەوڵی لێدانی بنکەی سەربازی هاوبەش لە "دیێگۆ گارسیا" کردووە، کە ئەمە بە واتای تێوەگلانی راستەوخۆی بەریتانیا دێت لە ململانێکاندا، بێ گوێدانە ئەو هەڵوێستە سیاسییانەی رادەگەیەنرێن.
ئەو بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، هەڕەشەکانی ئێران، چ لە رێگەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە بێت یان چالاکییە تیرۆریستییەکانی، تەنیا ئیسرائیل و ئەمریکا ناگرێتەوە، بەڵکو بەهۆی پەرەسەندنی توانای مووشەکە بالیستییەکانی تاران، مەترسییەکی راستەوخۆن بۆ سەر قووڵایی خاکی ئەوروپاش.
بۆڵتن بە توندی رەخنەی لە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گرت، کە پێی وابوو شەڕی ئێران پەیوەندی بە ئەوروپاوە نییە. بۆڵتۆن دەڵێت: "ئەم دیدگایە گوزارشت لە کورتبینی ستراتیژی دەکات و بیانوو دەداتە دەست دۆناڵد ترەمپ تا هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا رابگرێت."
بە بڕوای بۆڵتن، ناتوانرێت شەڕی ئێران و ئۆکرانیا لە یەکتر جیابکرێنەوە، چونکە میحوەری "چین - رووسیا" پاڵپشتی هاوبەشی هەردوو بەرەی ئێران و رووسیان. هەر بۆیە، هەر جۆرە نەرمییەک بەرامبەر تاران، کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ئۆکرانیا دەبێت و هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ قووڵتر دەکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بۆڵتن رەخنەی لە شێوازی کارکردنی دۆناڵد ترەمپ گرت و پێی وایە ناوبراو خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژی روون نییە و زیاتر بە پاڵنەری کەسی و دەستکەوتی سیاسی خێرا دەجووڵێتەوە. بەڵام دەڵێت: "ئەمە نابێت ببێتە بیانوو بۆ ئەوروپا، بەڵکو پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیانە و کاریگەرتر بجوڵێتەوە."
جۆن بۆڵتن گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی باشترین بژاردە لەبەردەم ئەوروپادا، دوورەپەرێزی نییە، بەڵکو دەستوەردانی راستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ "رووخاندنی رژێمی ئێران". بە بڕوای ئەو، تەنیا رووخانی رژێم دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکان و زامنکردنی ئاسایشی وزە لە جیهاندا.
هۆشداریش دەدات، ئەگەر ئەوروپا لە دوودڵی بەردەوام بێت، رەنگە واشنتن بە تەواوی لە هاوپەیمانییەکان بکشێتەوە و هاوپەیمانەکانی لەبەردەم مەترسییەکاندا بە تەنیا جێبهێڵێت، ئەمەش سیناریۆیەکی مەترسیدارە بۆ هاوسەنگی نێودەوڵەتی.