'واشنتن پۆست' پلانی داهاتووی ئیسرائیل دژی ئێران ئاشکرا دەکات

فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی (ئەرشیف)
فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی (ئەرشیف)

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، پێویستیی ئەنجامدانی هێرشی دیکە بۆ سەر ئێران تەنانەت دوای هەر راگەیاندنێکی کۆتاییهاتنی ململانێی ئێستاش بەردەوام دەبێت. 

بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەش کرد، رەنگە ئەم جۆرە رێوشوێنانە بە پێویست دابنرێن ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل تێبینیی هەوڵەکانی ئێران بکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی یان بەدەستهێنانەوەی ئەو یۆرانیۆمەی شاردراوەتەوە.

ئەو بەرپرسانە دووپاتیان کردووەتەوە، "ئیسرائیل رووبەڕووی هیچ کۆتوبەندێکی ئەوتۆ نابێتەوە لەسەر تواناکانی بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە، ئەگەر ئێران چیتر توانای ئەوەی نەمێنێت کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بکاتە ئامانج، یان دراوسێکانی لە کەنداو بە مووشەک بۆردوومان بکات".

پێشتریش ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئیسرائیل پێشبینیی چەند هەفتەیەکی دیکە لە شەڕ دەکات لە دژی حزبوڵڵا و ئێران.

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "بە تێپەڕبوونی هەر رۆژێک، ئێمە زیاتر رژێمە تیرۆریستییەکەی ئێران لاواز دەکەین، رێگە نادەین ئەو رژێمە و بریکارەکانی ببنە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل".

هەروەها گوتیشی: "ئەی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، هێشتا چەندین هەفتەی شەڕمان لە دژی ئێران و حزبوڵڵا لە پێشە".

لە 28ی شوباتی 2026ەوە جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە. لە بەرانبەردا ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا، هەروەها گەرووی هورمزی داخستووە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان داناوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی 48 کاتژمێری داوەتە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەو گەرووە نەکرێتەوە، ئەوا وێستگە گەورەکانی وزەی ئێران وێران دەکات. لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارهێنانی بۆمبی قورس لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە تواناکانی ئێرانی بۆ هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز لاواز کردووە.

پێشهاتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن قەیرانەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر دەڕوات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وەک نەتەنز و چەندین بنکەی سەربازی و ژێرخانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها هێرشە پێچەوانەکانی ئێرانیش زیانیان بە چەندین ناوچەی ئیسرائیل گەیاندووە و زیاتر لە 100 کەس بریندار بوون.