رێژەی وەرگیرانی قوتابییانی رۆژهەڵات لە زانکۆکانی ئێران دابەزیوە
بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا ئەمساڵ ئەنجامی تاقیکردنەوەی سەرانسەری و ناوی وەرگیراوانی زانکۆ زیاتر لە دوو مانگ درەنگتر لە وادەی خۆی راگەیەندرا، ئەمەش بەهۆی جەنگ و لێکەوتە ئابووری و دەروونییەکانییەوە رێژەی وەرگیرانی قوتابییانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا، ئەنجامی تاقیکردنەوەی سەرانسەریی قوتابییان بۆ وەرگیران لە زانکۆکان بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 2 مانگ درەنگتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی راگەیەندرا. بەگوێرەی دەرئەنجامەکانیش، رێژەی وەرگیرانی قوتابییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
شارەزایەکی پەروەردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، دابەزینی ئاستی قوتابییانی کوردستان لە دوای پەتای کۆرۆناوە بە داخرانی قوتابخانەکان و بە ئۆنلاینکردنی خوێندن دەستی پێ کرد و ئەمساڵیش بەهۆی جەنگەوە گەیشتە خراپترین دۆخی خۆی.
هاوکات، ئەنوەر سەمەدی، بەرپرسی لقی مەریوانی رێکخراوی پەروەردەیی "قەڵەمچی"، کە تایبەتە بە یارمەتیدانی قوتابییان و ئامادەکردنیان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرگیران لە زانکۆ، دووپاتی کردەوە کە کەمبوونەوەی ژمارەی وەرگیراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای کۆرۆناوە دەستی پێ کردووە.
سەرەکیترین هۆکاری ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەنگەی لە دوایین رۆژی مانگی 2ی ئەمساڵ لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێ کرد و ماوەی 40 رۆژی خایاند، کە لێکەوتەکانی تا ئێستاش بەردەوامن. ئەم دۆخە سەختە، جیا لە لێکەوتە ئابوورییەکانی کە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هەموو هاووڵاتییان، کاریگەرییەکی دەروونیی زۆریشی لەسەر قوتابییان دروست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاورین قادری، یەکێک لە قوتابییە وەرگیراوەکان لە بەشی ئەندازیاریی کۆمپیوتەری زانکۆی هەمەدان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم شەڕە 40 رۆژییە بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە زۆر تەنگەژەی بۆ دروست کردین و دەستمان بە هەندێک زانیاری رانەدەگەیشت، بەڵام من زۆر بایەخم پێ نەدا و درێژەم بە خوێندنم دا."
بەهۆی ئەم دواکەوتنەوە، ئەو قوتابییانەی ئەمساڵ لە زانکۆکان وەرگیراون تا ئێستا 2 مانگ لە کۆرسی یەکەمی خوێندنیان لەدەست چووە و پێشبینی دەکرێت تا تەواوبوونی رێکارەکانی ناونووسی و کرانەوەی پۆلەکان، لە نێوان 1 تا 2 مانگی دیکەی خوێندنیان بفەوتێت. هاوکات، قوتابییانی پۆلی 12ی ئەمساڵ نیگەرانن لەوەی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا، دۆخەکە لە ساڵی داهاتوودا زۆر لە ئەمساڵ خراپتر بێت.