باوک و کوڕێک گوند بە گوند دەگەڕێن تا منداڵان فێری کوردی بکەن

 باوک و کوڕێک لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە کتێبەوە، منداڵان و مێرمنداڵانی 12 گوندی جوانڕۆ و هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان فێری زانست و خوێندن دەکەن. 

لە پڕۆژەیەکی رۆشنبیری و پەروەردەییدا، شەهاب محەممەدی، بەرپرسی کتێبخانەی گەڕۆکی جوانڕۆ، لەگەڵ حوسێن محەممەدی، مامۆستای خانەنشینکراو، وەک  باوک و کوڕێک، بە ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە کتێب گوند بە گوند دەگەڕێن و هۆنراوە، چیرۆک و وانەکان بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی بە منداڵان و مێرمنداڵانی نزیکەی 12 گوند و ئاوایی سنووری جوانڕۆ و هەورامان دەڵێنەوە.

 ئەم دەستپێشخەرییە وای کردووە دووری لە شار و نەبوونی پێداویستییەکان نەبنە رێگر لە بەردەم فێربوون و خوێندنەوەی منداڵانی ناوچەکە.

شەهاب محەممەدی، بەرپرسی کتێبخانەی گەڕۆکی جوانڕۆ، رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە منداڵان هۆشیار بکەینەوە. منداڵان لە ئاواییدا پێداویستیی پێویستیان نییە، ئێمە کتێبیان بۆ دەبەین و کتێبەکان دەخوێننەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەیە". 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە هەموو بوارەکاندا کتێبیان هەیە و سەرچاوەکانیان زیاتر بۆ بەشی منداڵان و مێرمنداڵانە، ئەوەشی خستەروو، نزیکەی 3,800 کتێبیان لە بەردەستدایە و منداڵان بۆ خوێندنەوەی چیرۆک و هۆنراوە دێنە لایان.

لە لایەکی دیکەوە، حوسێن محەممەدی، مامۆستای خانەنشینکراو، چالاکی و وانەگوتنەوەی تەنیا لە سەرچاوە دەرەکییەکاندا سنووردار نەکردووە، بەڵکوو خۆشی زیاتر لە 18 کتێبی بە زمانی کوردی بۆ منداڵان و گەورەساڵان چاپ کردووە.

 حوسێن محەممەدی روونی کردەوە، "وێڕای وانەگوتنەوە، چەند کتێبێکیشم بۆ منداڵان چاپ کردووە، ئەم کتێبە هۆنراوانەم بۆ منداڵان نووسیوە تاکوو زمانە کوردییەکەیان لەبیر نەچێتەوە، تەنانەت چیرۆکیشم بە زمانی کوردی بۆیان نووسیوە، بە جۆرێک کاتێک خۆم لە قوتابخانە بۆم دەخوێندنەوە زۆریان پێ خۆش بوو و هۆگری بوون".

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کتێبخانە گەڕۆکە بێ کەموکوڕی نییە و وەک هەر پڕۆژەیەکی دیکە پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی هەیە، بە جۆرێک باشترکردنی رووخسار و دۆخی ئۆتۆمبێلەکەیان پێداویستیی سەرەکیی ئەوانە. دانیشتوویەکی ناوچەکەش لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە گوتی، "ئەم کتێبخانەیە کەموکوڕییەکی هەیە، بەتایبەتی لە شێوەی ئۆتۆمبێلەکەیدا، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە شێوەیەکی جوانتری هەبووایە خەڵک باشتر پێشوازییان لێ دەکرد، چونکە خەڵکی ئێمە پێویستی بە یارمەتی و خوێندەواریی باشترە".

 بە گوتەی سەرپەرشتیارانی کتێبخانەکە، منداڵانی ناوچەکە خاوەن بەهرە و هۆشیارییەکی باشن و خولیایەکی زۆریان بۆ فێربوون و خوێندنەوەی کتێب هەیە، هەر ئەمەش هانی داون زیاتر بەرەو چاپکردنی کتێبی دیکەی کوردی هەنگاو بنێن.

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان لە چەند رۆژی رابردوودا، هاوکات لەگەڵ هەفتەی کتێب لە ئێران، چالاکییە رۆشنبیرییەکان لە شارەکەدا پەرەیان سەندووە، بە جۆرێک ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی جوانڕۆ بە بەشداریی قوتابیان ئاهەنگی ئاڵوگۆڕکردنی 2,000 کتێبی رێکخست، هاوکات لە پارێزگای کرماشانیش نزیکەی 250 بەرنامەی رۆشنبیری بۆ ئەم هەفتەیە راگەیەنراون.