رووسیا: هێرشکردنە سەر وێستگەی "بوشەهر" کارەساتێکی گەورەی ئەتۆمیی لێ دەکەوێتەوە

دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن)
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن)

رووسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دووپاتی دەکاتەوە، هێرشکردنە سەر وێستگەی "بوشەهر" لە ئێران، کارەساتێکی گەورەی ئەتۆمیی لێ دەکەوێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ هۆشداری داوەتە ئەمریکا لە مەترسییەکانی ئاراستەکردنی گورزی سەربازی بۆ سەر وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران.

گوتەبێژی کۆشكی سەرۆکایەتیی رووسیا دووپاتی کردەوە " هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمیی بوشەهر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش". گوتیشی "داوا لە ئەمریکا دەکەین رێچکەی سیاسی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێران بگرێتەبەر". 

هاوکات میخائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە جنێڤ هۆشداریی دا لە روودانی کارەساتێکی گەورەی ئەتۆمی لە کاتی بەئامانجگرتنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێرانی، هەروەها سەرکۆنەی هەڵوێستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی کرد.

لە لایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر و روونیشی کردەوە، سیناریۆیەکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی دزەکردنی بڕێکی زۆر لە ماددە تیشکدەرەکان، بەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ژینگە و دانیشتووانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دروست دەکات.

عێراقچی لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتین.

ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی زیادبوونی گرژییەکانی سەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دێن. وێستگەی بوشەهر لەلایەن رووسیاوە دروست کراوە و یەکێکە لە دیارترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.