ئاژانسی تەسنیم: ئێران گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی و ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران پاشەکشەی کردووە، هەروەها رەتی دەکاتەوە هیچ جۆرە دانوستانێک لە نێوان هەردووولادا هەبێت.
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە باڵا ئەمنییە، پاش جدیبوونی هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران، ترەمپ ناچار بە پاشەکشە بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "زیادبوونی فشاری بازاڕە داراییەکان و مەترسییەکانی سەر قەواڵە داراییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هۆکارێکی دیکەی گرنگی ئەم پاشەکشێیە بووە."
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئەمڕۆ لەلایەن هەندێک نێوەندگیرەوە پەیام ئاراستەی تاران کراوە، بەڵام وەڵامی روونی ئێران بەردەوامیدانە بە بەرگریکردن تا گەیشتن بە ئاستی پێویستی هێزی بەرپەرچدانەوە.
لە کۆتاییدا ئەو سەرچاوە ئەمنییە جەختی لە نەبوونی هیچ دانوستانێک کردەوە و روونیشی کردەوە، "بەم جۆرە لە شەڕی دەروونی نە گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و نە ئارامیش بۆ بازاڕەکانی وزە دەگەڕێتەوە، مۆڵەتە پێنج رۆژییەکەی ترەمپیش بە واتای بەردەوامیی بەرنامەی ئەم رژێمە دێت بۆ تاوانکردن دژی خەڵک، ئێمەش لە وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی فراوان لە وڵاتەکەمان بەردەوام دەبین."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا واشنتن و تاران گفتوگۆی قووڵ و بەرهەمداریان ئەنجام داوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی یەکجاریی ململانێکان و کۆتاییهێنان بە دوژمنداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ روونیشی کردەوە، بە پشتبەستن بە کەشوهەوای ئەرێنیی گفتوگۆکان و بڕیاردان بۆ بەردەوامبوونیان بە درێژایی ئەم هەفتەیە، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کردووە سەرجەم هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئابووریی ئێران رابگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، ئەم راگرتنە کاتییە تەنیا بۆ ماوەی 5 رۆژ دەبێت و بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات.