بەرپرسێکی ئیسرائیل: زۆر زووە بزانین ئایا ترەمپ بە ڕاستی دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنێت

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن هێشتا زووە باس لە کۆتاییهاتنی شەڕ بکرێت و میدیاکانی ئێرانیش هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ واشنتن رەت دەکەنەوە.

دووشەممە 23ی ئاداری 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاوی کردەوە: زۆر زووە بزانین ئایا ترەمپ بە راستی دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنێت، لێدوانەکانی ئەو بۆ ئێمە کتوپڕ و جێگەی سەرسووڕمان بوون.

سەرەڕای ئەم گومانانە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر واشنتن پابەند بێت بە ئاگربەستە کاتییەکە، ئیسرائیلیش هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران رادەگرێت، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل هەر ئەمڕۆ چەندین ئامانجی لە ناو جەرگەی شاری تاران بۆردوومان کردووە.

لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران، ئاژانسی فارس"ڕایگەیاندووە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن نییە. سەرچاوە ئێرانییەکان پاشەکشەکەی ترەمپیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە تاران هەڕەشەی لێدانی هەموو وێستگەکانی کارەبای ناوچەکەی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی تەلئەڤیڤ بە تەواوی ئاگاداری ئەم کەناڵە دیپلۆماسییانەن و پێیان وایە کە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان بەرەو کۆتایی دەچن. ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیل دەڵێن لێدوانەکانی ترەمپ نیشانەی بوونی کەناڵێکی پەیوەندیی چالاکە کە ماوەیەکە لە پشت پەردەوە کار دەکات.