مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەستی ترەمپ کران

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرای دەکەن، بەرپرسانی باڵای ئێران بە نهێنی پەیامیان بۆ تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگ.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئاحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە نهێنی ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندیی لەسەر دانوستان داوە.

سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی رازی بووە بە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، خامنەیی رازی بووە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ و ململانێکان بهێنرێت، بەڵام ئەمە بەپێی ئەو مەرجانە دەبێت تاران دیارییان دەکات.

رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا واشنتن و تاران گفتوگۆی قووڵ و بەرهەمداریان ئەنجام داوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی یەکجاریی ململانێکان و کۆتاییهێنان بە دوژمنداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ترەمپ روونیشی کردەوە، بە پشتبەستن بە کەشوهەوای ئەرێنیی گفتوگۆکان و بڕیاردان بۆ بەردەوامبوونیان بە درێژایی ئەم هەفتەیە، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کردووە سەرجەم هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئابووریی ئێران رابگرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، ئەم راگرتنە کاتییە تەنیا بۆ ماوەی 5 رۆژ دەبێت و بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات.

سەرەڕای ئەوەی دەگوترێت، ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەکەنەوە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن و بە تایبەت ترەمپ کردبێت.