فراکسیۆنی پارتی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سۆران رایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە دەکەین کە ئەمڕۆ لەلایەن ئێران بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی پێشمەرگە بەپێی یاساو رێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە ئاشتی پارێزییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەفتاری کردووە و فاکتەر و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری بووە، هیچ كاتێك هەڕەشە و مەترسی نەبوە بۆسەر هیچ لایەك.

دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی زنجیرە هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە بەردەوامەکان دەکەین کە دەکرێنە سەر دانیشتوان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دوایینیان ئەو پەلامارە دوژمنکارانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یە، کە لەلایەن ئێران بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. 

ئاشکرایە کە ​هێزی پێشمەرگەی کوردستان  هێزێکی یاساییە و لە چوارچێوەی دەستور و یاساكاندا  كاروبارەكانی ئەنجام دەدات ،  هێزێكە بەپێی یاساو ڕێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە ئاشتی پارێزییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەفتاری کردووە و فاکتەر و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری بووە ، هیچ كاتێك هەڕەشە و مەترسی نەبوە بۆسەر هیچ لایەك ، بەتایبەتی دراوسێكانی هەرێمی كوردستان ،  بۆیە پەلاماردانی بەم شێوەیە پێشێلکاریەکی زەقی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دراوسێیەتی باش و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە ، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لە بێلایەنیی لەشەڕ و کێشەکانی ناوچەکەدا کردووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیانە و دژی هەر جۆرە توندوتیژییەکە.

​لێرەوە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتی دەستوریی خۆی هەڵبگرێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و فەرمییەکانەوە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاووڵاتییان و هێزە پارێزەرەكانی  ئاشتی و ئاسایشی وڵات . هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕۆڵی کارای خۆیان ببینن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریە بەردەوامانە .

​هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی بووە ، ویست و ئیرادەی خەڵکەکەمان بۆ ئاشتی و ئارامی  لە هەموو دەستدرێژییەک بەهێزترە و بەم جۆرە پەلامارە نامەردانانە ناشكێت و پاشەکشە ناکات.

 پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگە تێکۆشەرە دەکەین کە ئەمڕۆ چوونە کاروانی نەمرییەوە ، هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەکان دادەنەوێنین کە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا گیانیان بەخشی ، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان 
لەپەرلەمانی كوردستان
24ـی 3ـی 2026