مەکگۆرک: پێشمەرگە جیهانی لە داعش رزگار کرد و ئێستا لەلایەن ئێرانەوە مووشەکباران دەکرێت
رێکخەری پێشووی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، هاوسۆزیی قووڵی خۆی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و گەلی کورد دەربڕی بەرانبەر ئەو هێرشە مووشەکییانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، جەختیشی لە هاوبەشییە ستراتیژییە دێرینەکەی نێوان واشنتن و پێشمەرگە کردەوە.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، برێت مەکگۆرک، رێکخەری پێشووی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە پەیامێکدا سەرنجی خستە سەر رۆڵی مێژوویی هێزەکانی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
مەکگۆرک نووسیویەتی: پێشمەرگەی کورد هاوکاری جیهانیان کرد بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئێستا خۆیان کەوتوونەتە ژێر هێرشی مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە."
رێکخەری پێشووی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی دۆستە کوردەکانی کرد بۆ ئەو زیانە گیانیانەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا بەر ناوچەکە کەوتوون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە پێزانینەوە دەڕوانێتە ئەو هاوبەشی و کارە هاوبەشانەی کە لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامیان داوە.
ئەم لێدوانەی مەکگۆرک لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جەنگی ئێستا ناوچەکەدا، چەندین جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران.