فەرهاد ئەترووشی: هێرشەکەی سەر پێشمەرگە کردەوەیەکی دوژمنکارانەیە و خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش ناکات

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و ئاماژەی داوە، ئەم کردەوەیە بە دوژمنکارییەکی ئاشکرا دادەنرێت و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، بارەگای هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی لە ناوچەی سۆران لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج، کە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە.

فەرهاد ئەترووشی دەشڵێت: بەداخەوە، ئەم کردەوەیە بە دوژمنکارییەکی ئاشکرا دادەنرێت بۆ سەر سەروەری عێراق و هیچ پاساوێکی نییە و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێککەوتنەکان و دراوسێیەتی باشی نێوان هەردوو وڵات ناکات، هەروەها نمایندەی هەڕەشەیەکی راستەوخۆش دەکات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، لە کاتێکدا جەخت لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی روونمان دەکەینەوە لە کێشنەبوونمان بۆ ناو ئەم شەڕ و ململانێیانەی دەگوزەرێت، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.