ژمارەیەک مەتران سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

ژمارەیەک مەتران، لە پەیامێکی هاوبەشدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە موشەکییەکەی سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرەخۆشیی خۆیان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی.

سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، هەر سێ مەتران بەشار مەتتی وەردە، نیقۆدیمۆس داود مەتتی شەرەف و نێسانیێل نزار عەجەم، پەیامێکیان ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، تێیدا خەمباریی قووڵی خۆیان بۆ هێرشە موشەکییەکەی سەر بارگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی جەنابتان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین."

مەترانەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە لەم ئازارەدا لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی کوردستان هاوسۆزن و نزا دەکەن بۆ ئەوەی خوای گەورە ئاشتی و ئارامی بەسەر هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا ببارێنێت و، سێبەری شەڕ و توندوتیژی دوور بخاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ برینداران خواستووە و داوایان کردووە گیانی حیکمەت و میانڕەوی لە دڵی هەموواندا جێگیر بێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون.