ئه‌نفلۆوه‌نزای باڵنده زیانی گه‌وره به خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت

K24- هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رایانگه‌یاند، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆوه‌نزای باڵنده له چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی په‌له‌وه‌ری شاری سامه‌ڕا، زیاتر له 60 هه‌زار مریشكیان له‌ناوبردووه.
له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی حوڕه، هادی مه‌جمه‌عی، یه‌كێك له خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان گوتی: "به‌شداریم له له‌ناوبردنی هه‌زاران مریشكدا كردووه" و جه‌ختیشی كرده‌وه، "به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه زیانه‌كان به ملیۆنان دیناری عێراقی ده‌خه‌مڵێندرێن".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: نرخی هه‌ر مریشكێك له بازاڕه‌كان ده‌گاته سه‌رووی 3 هه‌زار دیناری عێراقی و جه‌ختی كرده‌وه، "له‌ناوبردنی مریشكی هێلكه زیانه‌كه‌ی دوو به‌رامبه‌ره، چونكه خاوه‌ن كێڵگه‌كان هه‌م باڵنده‌كه و هه‌میش به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن" و گوتی: "تێچوونی له‌ناوبردن و پاككردنه‌وه‌ش به مادده پاككه‌ره‌وه‌كان دوای له‌ناوبردنی باڵنده‌كان، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه زیانه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه".
پێشتریش له 15ی ئه‌م مانگه عه‌مار جه‌بر خه‌لیل، پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 60 هه‌زار مریشك له كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی سامه‌ڕا له سنووری ئه‌و پارێزگایه تووشی ئه‌نفلۆوه‌نزای باڵنده بوونه.
پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین گوتیشی: رێكاری تایبه‌تیان بۆ رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه گرتووه‌ته‌به‌ر و بڕیاریانداوه، هیچ كه‌سێك سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه نه‌كات، كه ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه و نابێت له 3 كیلۆمه‌تر كه‌متر له‌و كێڵگانه نزیك ببنه‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، چه‌ند شوێنێكیان له سامه‌ڕا دابڕاندووه.
H.B