ئێران لوبنان دەکاتە مەرجی رێککەوتن

ئاژانسی رویتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ناوچەییەوە بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وڵاتانی ناوبژیوانکاری راگەیاندووە، پێویستە لوبنانیش بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێک کە بۆ وەستاندنی شەڕ واژۆ بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، تاران لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا پەیامێکی روونی گەیاندووەتە ناوبژیوانەکان، کە ناوەڕۆکەکەی جەختکردنەوە بووە لەوەی هەر رێککەوتنێک بکرێت، دەبێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنانیش رابگیرێن.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی "بریکارانی ئێران" و داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا، دوو هەنگاوی بنەڕەتین بۆ گەرەنتیی ئاشتی و سەقامگیری لە لوبنان و تەواوی ناوچەکەدا.

هەمان سەرچاوە ناوچەییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، حیزبوڵڵای لوبنان "گەرەنتیی ئێرانی" پێدراوە بۆ ئەوەی بەشداری لەو رێککەوتنەدا بکات. سەرچاوەیەک دەڵێت: "ئێران لوبنان دەخاتە پێشەنگی کارەکانی و رێگە نادات ئیسرائیل هیچ پێشێلکارییەک لەو وڵاتەدا ئەنجام بدات، هاوشێوەی ئەوەی دوای ئاگربەستی ساڵی 2024 رووی دا."

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی رابردوو پەردەی لەسەر گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران لادا و رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ "بە شێوەیەکی باش و زۆر بەرهەمدار" بەڕێوە دەچن.