بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس: رێککەوتن نەکرێت، هێزی زەمینی رەوانەی ئێران دەکەین

ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی (ئەرشیف)
ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی (ئەرشیف)

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، گورزی کۆتایی واشنتن بۆ سەر ئێران هێرشی زەمینی بۆ قووڵایی خاکی ئەو وڵاتە و بۆردومانێکی چڕ دەگرێتەوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی ئاداری 2026) پێگەی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، گورزی کۆتایی واشنتن بۆ سەر ئێران رەنگە هێزی زەمینی و شەپۆلێکی گەورەی بۆردومان لەخۆبگرێت.

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە دا، پلانی هێزی زەمینیی پێنتاگۆن بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران دەبێت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی یۆرانیۆم.

پێگەکە روونیشی کردەوە، کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ بەشێکە لە پلانە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا.

ئەکسیۆس ئەوەشی خستە روو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەنگی دژی ئێران بە شێوەیەکی بێپێشینە فراوان دەکات ئەگەر تاران ئامادە نەبێت بگاتە هیچ رێککەوتنێک.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چڕبوونەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت، لە چەند رۆژە گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان تاران و واشنتن لە پاکستان بەڕێوەبچێت. 

ترەمپ تا بەیانیی شەممە، 28ـی ئادار، هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی ئێرانی راگرتووە، بەمەبەستی ئەوەی درێژە بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بدەن و بگەنە رێککەوتنێکی یەکجارەکی تا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن. 

دوورگەی خارگ بە گەورەترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت و نزیکەی لەسەدا 90ـی نەوتی ئەو وڵاتە لەم دوورگەیەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، بۆیە کۆنترۆڵکردنی گورزێکی کوشندەی ئابووری دەبێت بۆ سەر تاران و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئەو وڵاتە وشک دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە قووڵایی ژێر زەویدا دروست کراون و بەئامانجگرتنیان تەنیا لەرێگەی هێرشی ئاسمانییەوە کارێکی زەحمەتە، هەر بۆیە پێنتاگۆن باس لە بەکارهێنانی هێزی زەمینی دەکات بۆ گەیشتن بە دامەزراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە.