وۆڵستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل ستراتیژی خۆی لە شەڕی دژی ئێران دەگۆڕێت

رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل ستراتیژی خۆی لە شەڕی دژی ئێران گۆڕیوە و لەبری کوشتنی سەرکردەکان، ئێستا تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی سوپای پاسداران.

رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل بەو ئەنجامە گەیشتووە کە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران نابێتە هۆی رووخانی حکوومەتی تاران و دروستبوونی راپەڕینی جەماوەری، هەربۆیە بڕیاری داوە شێوازی هێرشەکانی بگۆڕێت و راستەوخۆ ژێرخانی سەربازیی سوپای پاسداران بکاتە ئامانج.

بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئیسرائیل جۆرێک لە نائومێدی لا دروستبووە لەوەی تەنیا لە رێگەی کوشتنی سەرکردەکانەوە بتوانێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناوخۆی ئێراندا دروست بکات، بۆیە ئێستا لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێرانی وەک کاری پێشینە دەستنیشان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، تەلئەبیب پێشبینی دەکات ئەمریکا لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بدات، هەربۆیە ئیسرائیل دەیەوێت پێش گەیشتن بەو وادەیە، زۆرترین و کاریگەرترین گورزی سەربازی لە دامەزراوە و ژێرخانی سەربازیی ئێران بوەشێنێت.