هاکان فیدان: ئیسرائیل نەخشەی جەنگێکی گشتگیر بۆ سەر ئێران و عێراق جێبەجێ دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ناوچەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نێو ئەو سیناریۆیە دەبرێت کە ئیسرائیل داڕشتوویەتی؛ هۆشداریشی دا کە ئیسرائیل دوای غەززە، ئێستا راستەوخۆ دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە بۆ لێدان لە لوبنان، سووریا، عێراق و ئێران، جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەمریکا فشاری جددی بخاتە سەر تەلئەڤیڤ بۆ راگرتنی ئەم پەرەسەندنانە.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرنجی خستە سەر مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، بەداخەوە دەبینین ناوچەکە بەرەو ناو یارییەک کێش دەکرێت کە ئیسرائیل سیناریۆکەی نووسیوە. ئیسرائیل لە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتێکی راگەیاندبوو کە ئامانجی لێدانی لوبنان، سووریا و پاشان عێراق و ئێران بوو."

فیدان ئاماژەی بەوە کرد، کە حکوومەتی ئیسرائیل بۆ ماوەیەک لەسەر ئەم پلانە بێدەنگ بوو، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی کردەیی دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە. گوتیشی: "ئیسرائیل دەیەوێت دوای تەواوبوونی کێشەی غەززە، هەموو ئەو وڵاتانەی وەک هەڕەشە دەیانبینێت، یەک لە دوای یەک بکاتە ئامانج و ناوچەکە پەلکێشی ئاژاوەیەکی گەورە بکات."

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لە رۆڵی واشنتن کردەوە و رایگەیاند، "پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جددی بێتە سەر خەت و فشارێکی زۆر و کاریگەر بخاتە سەر ئیسرائیل، چونکە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەک تەنیا ئێران، بەڵکوو سەقامگیری عێراق و تەواوی وڵاتانی دراوسێش دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."