مەسرور بارزانی و خولووسی ئاكار کۆبوونەوە

جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە

كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و خولووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا
كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و خولووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا

K24 – ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێشوازی لە خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە.

لە راگەیەندراوی حکومەت سەبارەت بە کۆبوونەوەکە هاتووە "لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاووتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە. بەتایبەتی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لەپێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە "جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کرایەوە لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان".

بوونی هێزی چەکدار و پەکەکە لە شنگال، رێگر بوون لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال لەلایەن حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەر ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم خەڵکی ناوچەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان و جێهێشتنی کەمپەکانی ئاوارەیی، کە تائێستا 80٪ـیان لەنێو کەمپدا دەژین.

لە سەرەتای مانگی 10ـی ساڵی رابردوو، هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن بۆ دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاسایش، سه‌قامگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال. رێککەوتنی شنگال بەجۆرێکە‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كان بگونجێت. لە بەندەکانی رێککەوتنەکەشدا هاتووە: دەبێت هێزە چەکدارەکان لە شنگال دەرکەون.

خولووسی ئاکار شەوی رابردوو لەگەڵ سوپاسالاری تورکیا، یاشار گولەر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا، ئەمڕۆش لە یەكەم وێستگەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پاشان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

خولوسی ئاكار دوێنێ بە سەردانێک گەیشتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی جومعە عناد، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار، مستەفا کازمی، سەرۆکوه‌زایرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی باڵا کۆبووەوە.

Fly Erbil Advertisment