بەریتانیا بە درۆن مینەکانی گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات

وەزیری بەرگریی بەریتانیا رەزامەندیی لەسەر داڕشتنی پلانێک دا بۆ ناردنی کەشتییەکی سەربازیی ئامادەکراو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ گەرووی هورمز.

یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، رەزامەندیی لەسەر داڕشتنی پلانێک داوە بۆ ناردنی کەشتیی سەربازیی (لایم بەی) بۆ گەرووی هورمز.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کرد، هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ جێگیرکردنی ئەو کەشتییە لە ناوچەکەدا، ئامانج لێی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی مینی دەریاییە لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بەرگریی بەریتانی بە رۆژنامەکەی راگەیاند، لەندەن تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر ئەوەی ئایا ئەو کەشتییە رەوانەی گەرووی هورمز دەکرێت یان نا.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەریتانیا دەیەوێت لە رێگەی ناردنی کەشتیی (لایم بەی) و بەکارهێنانی سیستمی پێشکەوتووی بێفڕۆکەوانی ژێردەریایی، ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بپارێزێت و رێڕەوە ئاوییەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە.

ئەم هەنگاوەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بەرانبەر ئێران زیادی کردووە، ئەمەش وای کردووە مەترسی لەسەر داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز دروست ببێت، هەر بۆیە لەندەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدات رێگری لە هەر مەترسییەک بکات، هەروەها نایەوێت راستەوخۆ تێکەڵی شەڕی کراوە ببێت، بەڵکوو تەنیا ئەرکی پاراستنی رێڕەوەکان جێبەجێ دەکات.

 لە ماوەی رابردوودا بەریتانیا هەموو کەشتییە مینپوچەڵکەرەوەکانی لە ناوچەکە کشاندووەتەوە و ئێستا دەیەوێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پشتی بە تەکنەلۆژیای درۆن و کەشتییە بازرگانییەکان ببەستێت بە ئامانجی پاککردنەوەی ئاوەکانی ناوچەکە لە مین.