کۆریای باکوور ئەمریکا بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات
پیۆنگیانگ ئەمریکا بە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان و راکێشانی رکابەرەکانی بۆ ناو پێشبڕکێی چەکداری تۆمەتبار دەکات.
پیۆنگیانگ رایگەیاند، ئەمریکا بە بیانووی رکابەریی دادپەروەرانە هەوڵی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەدات. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵە خێراکردنی بەهێزکردنی توانای ئەتۆمیی واشنتن و راکێشانی رکابەرە ستراتیژییەکانی بۆ ناو پێشبڕکێی چەکدارییە.
بەگوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، کە ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە رێگەی گەورەکردنی راپۆرتەکان دەربارەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی وڵاتانی دیکە، هەوڵی رەخساندنی دۆخێک دەدات بۆ راکێشانی رکابەرە ستراتیژییەکان بۆ ناو گێژاوی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی و خێراکردنی بەهێزکردنی هێزە ئەتۆمییەکانی خۆی.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور روونیکردەوە، نوێکردنەوەی هێزە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە سایەی ئیدارەی ئێستادا، کە دروشمی ئەمریکا پێش هەمووان و ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەرز دەکاتەوە، لە رووی قەبارە و قووڵاییەوە گەڕانەوەیە بۆ ئاستێکی سەردەمی جەنگی سارد.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە، بەهێزکردن و نوێکردنەوەی هێزە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا بە ئامانجی مسۆگەرکردنی باڵادەستیی ئەتۆمیی رەها لە چوار بواری ئۆپەراسیۆنیدا، کە بریتین لە وشکانی، دەریا، ئاسمان و بۆشایی ئاسمان، رۆژ بە رۆژ پەرە دەسێنێت.
وەزارەتەکە سەرنجی خستە سەر دانپێدانانی فەرمیی سەربازیی ئەمریکا بە بوونی ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان لە خولگەی زەوی. پیۆنگیانگ ئەم هەنگاوەی بە ئاماژەیەک دانا بۆ هەوڵدان بەمەبەستی رەخساندنی دۆخێکی گونجاوتر بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمیی ستراتیژی دژی وڵاتانی رکابەر.
یاداشتەکە دەریدەخات، کەمکردنەوەی بەرچاوی بەربەستی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە و دەستپێکردنی گەشەپێدانی ستراتیژییەکی نوێی ئەتۆمی کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی لەخۆ دەگرێت، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو چەکانە تەنیا ئامرازێکی رێگری نین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە وڵاتانی رکابەر، بەڵکو چەکێکی شەڕکردنن کە بۆ بەکارهێنان لە گۆڕەپانی جەنگ لە کاتی روودانی هەر ئەگەرێکی لەناکاو دیاریکراون.