لێژنەی گواستنەوەی پەرلەمان و دەستەی گەیاندنی عێراق لەسەر پرسی کۆڕەک کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بانگهێشت کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەتە بەو بڕیارانەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق سەبارەت بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەریکردوون.
دیلان بارزان گوتیشی: لە 22ـی ئەم مانگە لێژنەی گەیاندنی پەرلەمانی عێراق میوانداریی بەرپرسانی باڵای کۆڕەکی کرد و ئەوان تەواوی بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیانیان رادەستی لێژنەکە کرد. لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامانە، دەستەی گەیاندن بڕیاریدا بە راگرتنی بڕیارەکانی پێشووی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و داخستنی بنکەکانی کۆڕەک لە چەند پارێزگایەکی عێراق.
بەگوتەی پەیامنێری کوردستان24، لێژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ میوانداری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی کردووە تا لایەنی پەرلەمان گوێ لە بەڵگە و هۆکارەکانی دەستەکە بگرێت لەبارەی داخستن و راگرتنی کارەکانی کۆڕەک تیلیکۆم.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە، لێژنەی پەیوەندییەکان راسپاردەیەک ئامادە بکات و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە کێشەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی گەیاندنی عێراق بخاتە روو. هاوکات ئەندامانی لێژنەکە جەختیان لەوە کردەوە کە رێگە نادەن مافی نزیکەی حەوت ملیۆن بەکارهێنەرانی کۆڕەک تیلیکۆم بفەوتێت.
دوێنێ دووشەممە، دادگای بەرایی رەسافە لە بەغدا، بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی رێککەوتنی دارایی نێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا دەستبەجێ کار بە گرێبەستەکەی نێوانیان بکرێتەوە.
هاوکات کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی “دادپەروەری سەردەکەوێ” بڵاویکردەوە، دوابەدوای ئەوەی لە 2ـی حوزەیرانی 2024، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی (التسویة المالیة)ـی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە، کۆمپانیاکە پەنای بردە بەر دادگا و سکاڵای یاسایی لە دژی دەستەکە تۆمار کرد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دادگای بەرایی رەسافە بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، هاوکات بڕیاریشی داوە بە کارکردنەوەی دەستبەجێ بە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی نێوان هەردوولا، کە لە 23ی ئەیلوولی 2023 واژوو کرابوو.
کۆڕەک تیلیکۆم وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیارەکەی دادگا، رایگەیاندووە "پەنابردنی سەرەتامان بۆ دادگا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بووە بە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە دەزگا دادوەرییەکان، کە ئەمەش تاکە رێگەی دروستە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و پاراستنی مافەکان."