هێزەکانی ئیسرائیل لە رێگەی بەفرەوە دەچنە ناو باشووری لوبنان
سوپای ئیسرائیل بۆ یەکەم جار ئۆپەراسیۆنێکی بەزاندنی سنووری لە بەشی سووریای چیای شێخەوە بۆ باشووری لوبنان ئەنجام دا.
یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی یەکەی (ئالپ) لەژێر سەرپەرشتیی لیوای شاخەوانیی ژمارە 810، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجام داوە بۆ تێکشکاندنی هەوڵەکانی جێگیربوونی رێکخراوە چەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانیان لە ناوچەیەکی سەختی شاخەوانی کاریان کردووە و سنووریان بەزاندووە لە رێگەی سەرکەوتن بەسەر بەفری چیای "شێخ" لە بەشە سوورییەکەیەوە بۆ ناوچەی چیای رووس (هار دۆڤ) لە باشووری لوبنان.
روونیشی کردەوە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کێوماڵکردنی ناوچەکە و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئاشکراکردنی ژێرخانی دوژمن بووە لە ناوچەکە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی توانای تایبەتی کۆماندۆی شاخەوانی ئەنجام دراوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستە روو، هێزەکانی فیرقەی 210 بەردەوام دەبن لە بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بەتایبەتی دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور.