گرووپێکی چەکدار دوو هێڵی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیایان داخست
دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا رایگەیاند، گرووپێکی بە ناو یاساشکێن کۆنترۆڵکەری هێڵی بۆریی کێڵگەی نەوتی شەڕارە و هێڵی حەمادەیان داخستووە، ئەمەش زیانی گەورەی بە بەرهەمهێنان گەیاندووە.
ئەمرۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داخستنی (ڤاڵڤ) کە پێی دەڵێن کۆنترۆڵکەری هێڵی شەڕارە بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 350 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەردەوامیی داخستنی هێڵی حەمادە لە دوو هەفتەی رابردوودا، بووەتە هۆی لەدەستدانی 15 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. بەمەش کۆی گشتیی بەرهەمی لەدەستچووی نەوتی لیبیا دەگاتە نزیکەی 365 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کۆی 1.4 ملیۆن بەرمیل کە ئاستی گشتیی بەرهەمهێنانی ئابووریی وڵاتەکەیە.
دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا ئەو کارانەی ئیدانە کرد و رایگەیاند، ئەو کردەوانە لە کاتێکدا روودەدەن کە جیهان بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە گرفتارە و لیبیاش لە دۆخێکی ئابووریی سەختدایە. دامەزراوەکە هۆشداری دا، ئەم رەفتارانە زیانی راستەوخۆ بە ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن و کاریگەرییان لەسەر بژێوی هاووڵاتییان دەبێت. هاوکات داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی دووبارەی هێڵەکانی شەڕارە و حەمادە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان کرد.
دامەزراوەکە بەڵێنیدا سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو کەسانە بگرێتە بەر کە دەستیان لە داخستنی هێڵەکانی نەوت و پەکخستنی بەرهەمهێناندا هەیە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا لە دەزگای پاسەوانیی دامەزراوە نەوتییەکان و لایەنە حکوومییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی دامەزراوە و کەرەستە نەوتییەکان و رێگریکردن لە پەکخستنی کارەکانیان جێبەجێ بکەن.
لە بەرامبەردا، دەزگای پاسەوانیی دامەزراوەکان لە فەرماندەییی گشتییەوە رایگەیاند، ئەو داخستنەی دامەزراوەکە لە ناوچەی باکووری کێڵگەی شەڕارە باسی کردووە، دەرەوەی بازنەی بەرپرسیارێتی و بنکەکانی ئەوانە. دەزگاکە روونیکردەوە، لە کێڵگەی شەڕارە جێگیر بوون و دۆخەکە لەوێ ئاساییە و هیچ داخستنێک لە کێڵگەکە یان لەو هێڵانەی بۆریدا نییە کە دەکەونە چوارچێوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان. بە گوتەی دەزگاکە، داخستنەکە لە سۆمای بۆرییەک لە ناوچەی رۆژئاوا روویداوە کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری کاری ئەوان.
دەزگای پاسەوانیی دامەزراوە نەوتییەکان لە رووی سەربازییەوە سەر بە فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارە عەرەبییەکانی لیبیا (سوپای نیشتمانیی لیبیا) یە و ناجی مەغریبی فەرماندەییی دەکات.