سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: بەهۆی جەنگەوە، باجی سەر بەنزین کەم دەکەینەوە

ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بڕیاری دا باجی سەر سووتەمەنی بۆ نیوە کەم بکاتەوە، ئامانج لەم هەنگاوەش کەمکردنەوەی باری قورسی سەرشانی خێزانەکانە بەهۆی گرانبوونی تێچووی بژێوی لە ناوخۆی وڵاتدا.

ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رایگەیاند، "باجی سەر سووتەمەنی بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ نیوە کەم دەکەینەوە، مەبەستیشمان ئەوەیە بتوانن پارەکانتان پاشەکەوت بکەن لە کاتی کڕینی سووتەمەنیدا."

ئەم باجە، بڕە پارەیەکە حکوومەتی ئوسترالیا لە کاتی کڕینی سووتەمەنی لە وێستگەکانی پڕکردنەوە وەریدەگرێت، بڕیارە بە بڕی 26.3 سەنت بۆ هەر لیترێک بەنزین کەم بکرێتەوە و تاوەکوو کۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام بێت.

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، روونیشی کردەوە، "ململانێ دەرەکییەکان دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ناوخۆدا، ئێمە درک بەوە دەکەین هاووڵاتییانی ئوسترالیا هەست بە قورسایی ئەم گوشارانە دەکەن."

لەلایەکی دیکەوە هەردوو ویلایەتی ڤیکتۆریا و تاسمانیا بڕیاریان دا هاتوچۆکردن بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بە شێوەیەکی کاتی بێبەرانبەر بێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سایەی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنیدا.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، نرخی وزە و سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی و بێپێشینەی بەخۆیەوە بینی.

 قەیرانەکە بەتایبەتی دوای داخرانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە قووڵتر بووەتەوە، چونکە ئەم گەرووە یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت لە جیهاندا و رێژەیەکی زۆری نەوتی بازاڕەکانی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێت.

 ئەم ئاڵۆزییانە بوونەتە هۆی دروستبوونی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی وزەدا و وڵاتانی هاوردەکاری نەوت، لەوانەش ئوسترالیا، رووبەڕووی قەیرانی گرانبوونی تێچووی سووتەمەنی بوونەتەوە. 

حکوومەتەکانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە داڕمانی ئابوورییەکانیان.