کوردستان24 هاوکاری ماددی پێشکەش بە فەرهاد نەریمان دەکات
گەنجێکی کورد کە ناوی لە پەرتووکی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمار کراوە، میتۆدێکی نوێی بۆ فێرکاریی هاوکاتی زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی خستووەتەڕوو. هاوکات لەپێناو هاندانی توانای گەنجان، دامەزراوەی کوردستان24 پاڵپشتیی دارایی پێشکەش بە پڕۆژەکەی دەکات.
فەرهاد نەریمان، ئەو گەنجە داهێنەرە کوردەیە کە ناوی چووە نێو پەرتووکی گینس، ئێستا لە رێگەی تەکنیکێکی تایبەت و پشتبەستن بە بیرگەی درێژخایەن زمان فێری خوازیاران دەکات.
ناوبراو لەبارەی میتۆدەکەیەوە بۆ کوردستان24ـی روون کردەوە، بە بەستنەوەی راستەوخۆی زمانی بیانی بە زمانی دایک، فێربوونی ئینگلیزی بە شێوازێکی ئاسان و دوور لە ئاڵۆزییەکانی زاراوە و یاسا ڕێزمانییەکان فەراهەم دەبێت.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی پڕۆژەکەی، فەرهاد ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا ویستوویەتی لە چوارچێوەی کتێبێکدا بابەتەکە بڵاو بکاتەوە، بەڵام دواتر لە پێناو سوودگەیاندنی زیاتر، بیرۆکەکەی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتاڵی، کە لە 23 ئەپڵیکەیشنی جیاواز پێک دێت و هەریەکەیان سەرنج دەخاتە سەر بەشێکی تایبەتی فێربوونی زمان.
ئەو گەنجە کوردە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیرۆکەکەی خستە ڕوو، کە دەستبەجێ پێشوازییەکی فراوانی لەلایەن هاووڵاتییان و فێرخوازانەوە لێ کرا.
دەربارەی چۆنیەتیی تۆمارکردنی ناوی لە گینس، فەرهاد نەریمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "من لە یەک کاتدا سوود لە هەردوو لای مێشکم وەردەگرم؛ لە لایەکەوە ژمارەکانم دەخوێندەوە و لە لایەکی دیکەشەوە یاریم دەکرد. چالاکییەکە لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو و توانیم بە سەرکەوتوویی ناوم لە گینس تۆمار بکەم".
دوای ئەوەی داهێنەرە کوردەکە داوای کرد لایەنێک پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەکەی بکات تا بتوانێت بە شێوەیەکی بێبەرامبەر بیخاتە بەردەستی فێرخوازان؛ لە چوارچێوەی گرنگیدان و هاندانی توانای لاوانی خاوەن بەهرە، دەزگای میدیایی کوردستان24 بڕیاری دا هاوکاریی دارایی پێشکەش بە فەرهاد نەریمان بکات بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکەی.