روبیۆ هۆشداری دەداتە ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە واشنتن بە توندی وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە سەرانسەری جیهان دەداتەوە. روبیۆ هۆشدارییدا هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێ وەڵام دەبێت.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز گوتی: "ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمانی لە سەرانسەری جیهان کردووە و ئێمەش بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە دەکەین".

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، روبیۆ روونیکردەوە کێشەی ئێران لەو رژێمە دایە کە حوکمی وڵاتەکە دەکات. گوتیشی؛ گەرووی هورمز ئێستا کراوەیە و هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە لە ئاستەکانی پێش ململانێکان نزیک دەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە ئێران هەوڵی بەکارهێنانی جبەخانەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ناوچەکە و هێزەکانی ئەمریکا داوە تا بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت. بە مەزەندەی روبیۆ، ئەگەر تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی گەشتبایە، دەیتوانی گەرووی هورمز دابخات و باج بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە بەو گەرووەدا تێدەپەڕن.

سەبارەت بە پیلانێکی گوماناوی بۆ تەقینەوە لە نزیک بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەکاردێت، روبیۆ گوتی؛ ئەو پیلانە ئاسەواری لایەنێکی بیانی پێوە دیارە. 

روبیۆ لە کۆتاییدا گوتی: "بە روونی ئاسەواری لایەنێکی بیانی لەو کارەدا هەیە". ئەو رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخاتە روو.