گوتەبێژی کۆشکی سپی: ترەمپ بەنیازە تێچووی جەنگەکە بخاتە ئەستۆی وڵاتانی عەرەبی

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی هەیە وڵاتانی عەرەبی تێچووی جەنگی ئێران لەئەستۆ بگرن، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی وێرانکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێرانی کرد ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی هەیە وڵاتانی عەرەبی بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی بەشداری لە پێدانی تێچووی جەنگی ئێران بکەن.

کارۆلاین لیڤیت روونیشی کردەوە، نایەوێت پێش هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، بەڵام ئەمە بیرۆکەیەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پەسەند کراوە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتری لەبارەوە دەبیستن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بە باشی بەڕێوە دەچن. ئەوەشی خستە روو، قسەکانی تاران لە راگەیاندنەکان جیاوازە لەوەی لە ژوورە داخراوەکاندا بە بەرپرسانی ئەمریکای دەڵێت و لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە چەند خاڵێکی واشنتن رازی بووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە، هەر شتێک ئێران لە کۆبوونەوەکاندا بە واشنتنی بڵێت تاقی دەکرێتەوە و ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەوەی تاران بەڵێنەکانی بباتە سەر و لێپرسینەوەی لێ بکرێت.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە نەوتییەکانی ئێرانی کردبوو ئەگەر تاران گەرووی هورمز نەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات تاران پێشنیازەکانی ئەمریکای بۆ ئاشتی بە ناواقیعی ناوبرد و چەندین هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.