ترەمپ: دەسەڵاتیی ئێرانمان گۆڕی

سەرۆکی ئەمریکا، رووخانی تەواوەتی توانای سەربازی راگەیاند و ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی دەستی بەسەر ئاسمانی تاراندا گرتووە. جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی سەرکردە باڵاکانی تاران کوژراون یان بریندارن و ئێستا واشنتن لە قۆناغی دانوستاندایە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران، هاوکات گوتی بەمنزیکانە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێران کۆتایی دێت و ناوچەکە بەجێدەهێڵێن.

چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێران چیتر نە هێزی دەریایی ماوە، نە هێزی ئاسمانی و نە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی. ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئازادی بەسەر ئاسمانی شاری تاراندا دەسووڕێینەوە و هەرچییەک بمانەوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین."

سەبارەت بە لایەنی سیاسی و سەرکردایەتی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، ئامانجی "گۆڕینی دەسەڵات" بە کردەیی بەدی هاتووە، چونکە قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و زۆربەی قۆناغی سێیەمی سەرکردایەتی ئێران و کوژراون.

گوتیشی: "ئێمە ئێستا لەگەڵ خەڵکێکی نوێ مامەڵە دەکەین کە زۆر عەقڵانیترن و کەمتر توندڕەون، چونکە ئەوانی دیکە هەموویان مردوون." دەربارەی چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێ، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: "کەس هیچی لێ نەبیستووە، ئەو بە سەختی بریندارە. پێمان وایە لە ژیاندا ماوە بەڵام لە بارودۆخێکی یەکجار خراپدایە."

باسی لەوەش کرد، ئێرانییەکان بە جددی دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. من فەرمانی دابوو یەکێک لە گەورەترین وێستگەکانی کارەبایان کە تێچووەکەی 10 ملیار دۆلارە بە یەک لێدان وێران بکەین، بەڵام بۆ ماوەی 5 رۆژ بۆردوومانەکەم دوا خستووە تاوەکوو دەرفەت بە دانوستانەکان بدەین." جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی وڵاتەکەی، کە بێبەشکردنی هەمیشەیی تاران بوو لە چەکی ناوەکی، بە تەواوەتی بەدیهاتووە.

لەسەر ئاستی هەڕەشەکان، ترەمپ وەڵامی هۆشدارییەکانی سوپای پاسدارانی (IRGC) دایەوە بۆ سەر 18 کۆمپانیای تەکنۆلۆژیی ئەمریکی و گوتی: "دەیانەوێت بە چی لێمان بدەن؟ بە دەمانچەی پلاستیکی ئەوان هیچ توانایەکیان نەماوە و زۆربەی ئەو کەسانەشی ئەو هەڕەشەیەیان دەکرد، ئێستا مردوون." ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "ئێمە بە بۆمب دانوستان دەکەین" و تاران لەبەردەم بژاردەی ئاشتی یان لەناوبردنی تەواوەتیدایە.

ترەمپ وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکای راگەیاند و گوتی: "ئەمە وەک جەنگی عێراق و ئەفغانستان نییە کە ئامانجەکان ناڕوون بن؛ ئێمە زۆر بە زوویی و لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ئێران جێدەهێڵین، چونکە ئەرکەکانمان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتن بە رێککەوتن دەبێتە هۆی دابەزینی خێرای نرخی نەوت و جێگیربوونی بازاڕە جیهانییەکان، کە ئەمەش جیهان بە گشتی ئارامتر دەکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گورزە سەربازییەکان هێندە کاریگەر بوون، ئێرانییان دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە و گوتی: "ئێران پێویستی بە 20 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی دووبارە ئەو دامەزراوانە بنیات بنێتەوە کە ئێمە وێرانمان کردوون."

سەبارەت بە هەناردەی نەوت بۆ چین، ترەمپ رایگەیاند، واشنتن بەرپرسیار نییە لە پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی چین لە گەرووی هورمز ئەگەر چین دەیەوێت نەوت لە گەرووی هورمزەوە دەست بکەوێت، دەبێت بە کەشتییەکانی خۆی بچێتە ئەوێ و خۆی بیپارێزێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی "ABC News" رایگەیاند، واشنتن ئێستا ئامانجی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بە شێوەیەکی تەواوەتی بەدەستهێناوە.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە قۆناغی ئێستا تێپەڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئابووریی وڵاتەکە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا خەریکی ئەنجامدانی دانوستانە لەبارەی کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئێران، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەسەر شێوازی ئەو کۆنترۆڵکردنە یان لایەنە بەشداربووەکانی ناو دانوستانەکە ئاشکرا نەکرد.