چین سزای بەسەر پۆمپێیۆ و 28 به‌رپرسی ئیداره‌ی تره‌مپدا سه‌پاند

سزاكان ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ، ھەروەھا ھەر یەك لە جۆن بۆڵتن و ستیفن بانون دەگرێتەوە

ئاڵای چین و ئەمەریكا
ئاڵای چین و ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

چین سزای بەسەر 28 كەسایەتی و بەرپرسی ئەمەریكادا سەپاند، لەوانەش وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ.

لە راگەیاندراوی حكومەتی "چین"دا ھاتووە: "بەدرێژای چەند ساڵی رابردوو، ھەندێك لە سیاسییەكانی دژ بە چین لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە پێناو بەرژەوەندی خۆپەرستانەی سیاسی خۆیان و لایەنگیری و رق وكین دژ بەچین و بێ لەبارچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی ھەردوو گەلی چینی و ئەمەریكایی، دەستیانكرد بە پلاندانان و ھەڕمێنكردن و جێبەجێكردنی زنجیرەیەك لە جوڵەی شێتانە، كە بەشێوەیەكی مەترسیدار خۆیان هه‌ڵقورتانده‌ ناو كاروباری ناوخۆیی وڵاتەكەمان و بەرژەوەندییەكانی ئێمەیان خستە ژێر پێ".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "حكومەتی چین شێلگرانە سوورە لەسەر بەرگریكردن لەسەروەری نیشتیمانی وڵاتەكەمان و ئەمن و بەرژەوەندییەكانی گەشەپێدانەكانی".

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "حكومەتی چین  بڕیاری دا 28 كەسایەتی سزا بدات لەوانەی بەشێوەیەكی مەترسیدار سەروەری چینیان پێشێلكرد و بە شێوەیەكی سەرەكی بەرپرس بوون لەم جۆرە جوڵانەی ئەمەریكا سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە چین، لەوانەش مایك پۆمپێیۆ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ، ھەروەھا ھەر یەك لە جۆن بۆڵتن و ستیفن بانون".

روونیشكردەوە: "ئەم كەسانە و ئەندامانی خێزانه‌كانیان قەدەغەیە سه‌ردانی چین و ھۆنگ كۆنگ و ماكاوی چین بكه‌ن، ھەروەھا ئەوان و ئەو كۆمپانیا و دامەزراوانەی پەیوەستن بەوانەوە، قەدەغەیە مامەڵە لەگەڵ چین بكەن".