سوپای ئیسرائیل دەیان سەکۆی مووشەکی لە باشووری لوبنان لەناوبرد
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی توانیویانە دەست بەسەر چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەکدا بگرن بە "ئامادەکراو و ئاراستەکراو" لە باشووری لوبنان جێگیرکرابوون و دواتر وێرانیان کردوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپا، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە 180 سەکۆی هەڵدانی مووشەک لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان تێکشکێنراون. ئاماژە بەوەش کراوە دوایین چالاکی لەلایەن هێزەکانی "لیوای 300" لە ناوچەی (ڕامیە) لە باشووری لوبنان ئەنجامدراوە، تێیدا سەکۆکان و ژمارەیەک مووشەکی ئامادەکراو لەناو براون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە، سەکۆیەکی دیکەیان وێران کردووە، پێشتر لە رۆژی سێشەممەدا بۆ هێرشکردنە سەر شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل بەکارهاتبوو. ئۆپراسیۆنەکان تەنیا سەکۆی مووشەکییان نەگرتوەتەوە، بەڵکو وێرانکردنی سەکۆی دژە تانک، بنکەی چاودێری، دەرچەی تونێلە ژێرزەمینییەکان، کۆگای چەک و شوقەی نیشتەجێبوون کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهاتن، لەخۆگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ لە کاتی چالاکییەکانی "لیوای 226" لە باشووری لوبنان، سێ سەربازی ئیسرائیلی بەهۆی هێرشی درۆنێکەوە بە مامناوەندی بریندار بوون. لە بەرامبەردا، هێزەکانی فیرقەی 146 توانیویانە شوێنی ئەو گرووپە دیاری بکەن، درۆنەکەیان هەڵدابوو و دەستبەجێ ئەندامانی ئەو گرووپەیان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون.