ترەمپ بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا: خۆتان شەڕی ئێران بکەن و نەوتەکەتان بپارێزن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی واشنتن و تۆمەتباری کردن بەوەی پشتیان لە ئەمریکا کردووە لە شەڕی دژی ئێران و پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "هەموو ئەو وڵاتانەی بەهۆی گەرووی هورمزەوە ناتوانن سووتەمەنی فڕۆکە بەدەستبهێنن، وەک بەریتانیا کە رەتیکردەوە بەشداریی لە رووخاندنی ئێراندا بکات، پێشنیازێکتان بۆ دەکەم: یەکەم، سووتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکڕن چونکە ئێمە زۆرمان هەیە. دووەم، کەمێک ئازایەتیتان هەبێت، بڕۆن بۆ گەرووەکە و دەستی بەسەردا بگرن."
ترەمپ بە راشکاوی پەیامی بۆ هاوپەیمانەکانی نارد و گوتی: "دەبێت فێر بن چۆن خۆتان شەڕ بکەن، چونکە چیتر ئەمریکا لەوێ نابێت بۆ هاوکاریکردنتان، رێک وەک چۆن ئێوە لە کاتی پێویستدا لەگەڵ ئێمە نەبوون. ئێران بە شێوەیەکی بنەڕەتی تێکشکێنراوە و بەشە قورسەکەی شەڕ کۆتایی هاتووە، بڕۆن و نەوتەکەتان بۆ خۆتان دەستەبەر بکەن."
لە نووسینێکی دیکەدا، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرامبەر هەڵوێستی فەڕەنسا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، پاریس رێگەی نەداوە بەو فڕۆکە ئەمریکییانەی کە کەرەستەی سەربازییان بۆ ئیسرائیل هەڵگرتبوو بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕ بن. ترەمپ گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم هەڵوێستەی فەڕەنسا لە یاد ناکات."
ئەم هێرشانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت زنجیرەیەک وڵاتی ئەوروپی رەتیانکردەوە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا بکەن؛ ئیسپانیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا داخست، ئیتاڵیا رێگەی نەدا بنکە ئاسمانییەکانی لە "سیسیلیا" بەکاربهێنرێن، و فەڕەنساش داوای تێکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە ئەمریکییەکانی رەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ترەمپ بە یاریدەدەرانی راگەیاندووە ئامادەیە کۆتایی بە شەڕی دژی ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراویش بمێنێتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە هەوڵدان بۆ کردنەوەی ئەو رێڕەوە دەریاییە، ململانێکان درێژخایەن دەکات و ئەویش نایەوێت وڵاتەکەی لە شەڕێکی بێ کۆتاییدا بمێنێتەوە.