قالیباف بۆ روبیۆ: خەونی ئێوە دروستکردنی "غەزەیەکی نوێ"یە لە ئێران

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گاڵتەی بە لێدوانەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد، کە تێیدا بانگەشەی کردبوو ئەگەر ئێران پارەکانی لەبری چەک بۆ گەلەکەی خەرج بکردایە، دەبووە "وڵاتێکی جیاواز".

مارکۆ روبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (ABC) سەبارەت بەو گرژییە سەربازییانەی لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە، رایگەیاندبوو: "وێنای ئەوە بکەن ئەگەر ئێران لەبری خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ کڕینی چەک، ئەو پارەیەی بۆ گەلەکەی خەرج بکردایە؛ وڵاتێکی تەواو جیاوازیان دەبوو"، ئاماژەی بەوەش کردبوو رەنگە ئێرانییەکان بیانوێت لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەیاندا بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕۆن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەمان دەربڕینەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بەکارهێنایەوە بۆ ئەوەی پەلارێکی لێ بدات و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "بەڵێ، ئەگەر پارەکانیان بۆ چەک خەرج نەکردایە، ئەوە بۆ ئێمەی 'ئەمریکییەکان' زۆر نایاب دەبوو، چونکە ئەو کاتە دەمانتوانی تەنیا لە ماوەی 48 کاتژمێردا بچینە ناوەوە و دەست بەسەر هەموو کێڵگە نەوتییەکانی ئێراندا بگرین. باوەڕم پێ بکەن تەنیا 48 کاتژمێر، دواتریش باشترین چەکمان دەدا بە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوەی زیاتر لە غەزەیەکی نوێ لە ناو ئێراندا دروست بکەین".

قالیباف لە کۆتایی پۆستەکەیدا بە رستەیەکی کورت کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی: "بەڕێزان، ئەمە خەونی راستەقینەی ئەمریکایە. بەڵام خەونێکی بێمانایە و هەرگیز نایەتە دی".

لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامە. لە بەرامبەردا ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل، جگە لە داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی ئەو کەشتیانەی کە تاران بە پەیوەندیدار بە لایەنە هێرشبەرەکانیان دادەنێت.