سەرۆکی حکوومەت جەژنی ئەکیتۆ لە کلدان و ئاشووری و سریانییەکان پیرۆز دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێ لە کلدان، ئاشووری و سریانییەکانی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 01ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، "پیرۆزبایی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێ لە خوشک و برایانی کلدان و ئاشووری و سریانی لە کوردستان و سەرانسەری جیهان دەکەم".
پیرۆزبایی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێ لە خوشک و برایانی کلدان و ئاشووری و سریانی لە کوردستان و سەرانسەری جیهان دەکەم.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) April 1, 2026
جەژنی ئەکیتۆ یان سەری ساڵی نوێی بابلی و ئاشووری، دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە. ئەم بۆنەیە لای پێکهاتەی کریستیان جەژنێکی نەتەوەییە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ساڵانە لە یەکی نیساندا کریستیانەکان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بە رێوڕەسمی جیاواز و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی، ئاهەنگ بۆ ئەم جەژنە دەگێڕن.
یەکێک لە دیارترین چالاکییەکانی ئەم بۆنەیە بریتییە لە رێپێوانێک بە ناوی رێپێوانی بنەوشەیی، هەروەها ئاهەنگگێڕانەکە ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت و چالاکییەکان گەشت و سەیران لەخۆ دەگرن. لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 1992ـەوە پێکهاتەی کریستیان لە ناوچە جیاوازەکان و بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن.