بلوومبێرگ: نرخی گاز لە ئاسیا 50% بەرزبووەتەوە
بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنی وزە؛ هاوردەی گازی سروشتیی شلکراوە لە وڵاتانی ئاسیا بۆ نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی نیسانی 2026، ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رادەستکردنی بارەکانی گازی شلکراوە بۆ ئاسیا لە مانگی ئاداردا لەسەر بنەمای ساڵانە بە رێژەی 8.6% بۆ نزیکەی 20.6 ملیۆن تۆن دابەزیوە. ئەمەش گەورەترین دابەزینە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ـەوە لە ناوچەکەدا تۆمار کرابێت.
ئاژانسەکە روونیشی کردەوە، دابینکردنی گازی شلکراوەی جیهانی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، داخستنی گەرووی هورمز جیهانی لە یەک لەسەر پێنجی کۆی گشتیی دابینکردنی گازەکە بێبەش کردووە، هەروەها قەتەر بەهۆی هێرشەکانی تارانەوە گەورەترین وێستگەی جیهانی داخستووە.
بەپێی زانیارییەکانی "بلوومبێرگ ئینتێلیجێنس"، لە ئەنجامی ئەم زیانانە و لەگەڵ توندبوونەوەی کێبڕکێ لەسەر بارە خێراکان، رەنگە نرخەکان لە ئاسیا بە رێژەی 50 لە سەد بەرز ببنەوە.
هاوردەکردن بۆ چین و هیندستان گەورەترین دابەزینی لە مانگی ئاداردا بەراورد بە ساڵی رابردوو تۆمار کردووە، هەردوو وڵات لەو ماوەیەدا دابەزینیان بە رێژەی یەک لەسەر پێنج لە بارەکانیاندا بەخۆوە بینیوە.
لە لایەکی دیکەوە پاکستان بۆ دابینکردنی زۆربەی پێداویستییەکانی گازی سروشتیی شلکراوە لە ساڵی 2025 پشتی بە قەتەر بەستبوو، بەڵام دابینکردنەکەی بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 70 لە سەد دابەزیوە.
ناوچەکە هەوڵ دەدات بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەی وزەدا بگەڕێت بەهۆی کەمیی دابینکردنی گازی سروشتیی شلکراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەمەش بەهۆی راگرتنی کارەکانی دامەزراوەکانی ئوسترالیا دوای ئەو رەشەبایەی مانگی رابردوو لێیانی دا، قورستر بووە.
وڵاتانی وەک بەنگلادیش، هیندستان و ژاپۆن گەڕانەوە بۆ پشتبەستن بە خەڵووز، لە کاتێکدا کۆمپانیای ڤین گرووپ لە ڤیێتنام داوای لە حکوومەت کردووە رێگەی پێ بدات وزەی نوێبووەوە بخاتە جێگەی پڕۆژەیەکی گازی سروشتیی شلکراوە.
کڕیارە ئاسیاییەکان توانییان بەشێک لە بارەکان لە ئەوروپا دوور بخەنەوە، کیشوەرەکە پێویستی بە گازی سروشتیی شلکراوەی زیاتر هەیە بۆ یارمەتیدان لە پڕکردنەوەی کۆگاکانی دوای لەدەستدانی دابینکردنی گازی رووسی لە رێگەی بۆرییەکانەوە.
داتاکانی کەشتییەکان ئەوەیان دەرخستووە، هاوردەی گازی سروشتیی شلکراوە لە رۆژئاوای ئەورووپا مانگی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی سێ پۆینت پێنج لە سەد بەرزبووەتەوە، لە بەرانبەردا لە مانگی شوباتدا بە رێژەی 17 لە سەد بەرزبووەتەوە.