هێڵی ئاسمانیی قەتەری گەشتەکانی بۆ زیاتر لە 120 وێستگەی جیهانی فراوان دەکات
هێڵی ئاسمانیی قەتەری رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکی نوێدا بۆ گەڕانەوەی چالاکییەکان، گەشتە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکات و ئێستا گەشتەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە 120 وێستگەی جیاواز لە جیهاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، هێڵی ئاسمانیی قەتەری بڵاویکردەوە، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردن و زیادکردنی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانیان. ئاماژە بەوەش دراوە لە چوارچێوەی پلانی چاکبوونەوەدا، گەشتەکانیان لە رێگەی دەوحەوە روو لە زیادبوونە و ئێستا زیاتر لە 120 وێستگەی جیهانی دەگرێتەوە.
کۆمپانیاکە ئاگادارییەکی گرنگی ئاراستەی گەشتیاران کرد و رایگەیاند، گۆڕانکاری لە خشتەی گەشتەکاندا بەردەوامە، هەر بۆیە داوا لە گەشتیاران دەکات بەبێ هەبوونی حجزی پشتڕاستکراو (Confirmed) روو لە فڕۆکەخانە نەکەن.
سەبارەت بە رێڕەوی گەشتەکان، هێڵی ئاسمانیی قەتەری ئاشکرای کرد کە گەشتەکانیان لە رێگەی چەند رێڕەوێکی ئاسمانیی دیاریکراوەوە دەبێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکخراون. هەروەها وەک ئاسانکاری بۆ گەشتیاران، رێگە دەدرێت بە گۆڕینی کاتی گەشتەکان بە بێ بەرانبەر و گەڕاندنەوەی پارەی بلیتەکان لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەدا.