ترەمپ: ناتۆ پڵنگێکی کاغەزییە و رەنگە لێی بکشێینەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ دەکات، هاوپەیمانییەکە بە "پڵنگێکی کاغەز" وەسف دەکات و رەخنەی توندیش لە هێزی دەریایی بەریتانیا گرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی رایگەیاند، بە شێوەیەکی جدی بیر لە کشانەوە لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری سەرەکیی ئەم بیرکردنەوەیە بۆ شکستهێنانی هاوپەیمانییە سەربازییەکە دەگەڕێتەوە لە چوونە پاڵ جەنگی وڵاتەکەیان دژی ئێران.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ، روونیشی کردەوە، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی بووەتە پڵنگێکی کاغەزی و هیچ هێزێکی نەماوە.

سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتانی ئەندام، سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەشی خستە روو، بەریتانیا هیچ هێزێکی دەریایی نییە و خاوەنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە هیچ کاتێک کار ناکات.

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی 1949 دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەندامە. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا دۆناڵد ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کشانەوەی لەو هاوپەیمانییە کرد ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا پشکی خۆیان لە بودجەی بەرگری زیاد نەکەن. 

دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئەمریکا چاوەڕێی پشتیوانیی زیاتری لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەکرد، بێلایەنیی ناتۆ لەو ململانێیەدا جارێکی دیکە پرسی مانەوەی ئەمریکای لە نێو هاوپەیمانییەکەدا خستووەتە ژێر پرسیارەوە. 

لە لایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی بەریتانیا لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین کێشەی تەکنیکی بووەتەوە، بەتایبەتی لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکانیدا وەک کەشتیی شاژنە ئیلیزابێس و شازادە وێڵز، ئەمەش وای کردووە توانای سەربازیی دەریایی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی تووند ببێتەوە و وەک خاڵێکی لاواز سەیر بکرێت.