سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: میوانداریی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەین
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی میوانداریی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە ناچنە ناو ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (01ـی نیسانی 2026)، کییەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە "داونینگ ستریت" باسی لە کاریگەرییەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، میوانداریی لووتکەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پلانی گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ستارمر، ئاماژەی بەوە دا، بەریتانیا ناچێتە ناو ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هەروەها باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی بریتییە لە گوشارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و زامنکردنی کردنەوەی گەرووی هورمز.
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، روونیشی کردەوە، لەندەن لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپا هەڵنابژێرێت و لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندایە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هەردوولادا دروست بکەن.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی ئەوەشی خستە روو، پێویستیان بە پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ ئەوروپا هەیە لە بوارەکانی بەرگری، ئاسایش، وزە و ئابووریدا.